وادەی پەیماننامەی سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی لە نێوان ئەمریكا و روسیا كۆتایی هات، واشنتۆن بێدەنگە و مۆسكۆ راشكاوانە باس لە گریمانەی هەڵوەشاندنەوەی دەكات. 

پەیماننامەی نیو ستارت؛ كە ناوە رەسمییەكەی بریتییە لە رێوشوێنەكانی كەمكردنەوە و سنورداركردنی چەكی هێرشبەری ستراتیژیی، لە ساڵی 2010 لەنێوان ئەمریكا و روسیا ئیمزا كراوە، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی شوبات، كۆتایی هات.

نیو ستارت، كۆگاكانی ئەمریكا و روسیا سنوردار دەكات بەوەی نەتوانن زیاتر لە هەزار و 550 كڵاوەی ئەتۆمی ستراتیژی و 800 بۆمبهاوێژی قورس بەرهەمبهێنن.

ئەمریكا هێشتا هیچ لێدوانێكی لەبارەی كۆتاییهاتن و نوێكردنەوەی پەیماننامەكەوە نییە. هەرچی روسیایە لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە. 
پێشتر و لە مانگی ئەیلولی رابردوودا ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا پێشنیازی نوێكردنەوەی پەیماننامەكەی كرد تا ساڵی 2027 و رایگەیاند، تاوەكو ساڵێك دوای كۆتاییهاتنی پەیماننامەكە پابەند دەبن بە خاڵەكانی رێككەوتنەكەوە، بەڵام رۆژی چوارشەممە سەرۆكی روسیا لەگەڵ هاوتا چینییەكەیدا جەختی لەوە كردەوە، دوای كۆتاییهاتنی پەیماننامەكە بە شێوەیەكی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن. بەڵام دواتر وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە لێدوانێكی جیاوازدا رایگەیاند، چیتر پابەند نین بە پەیماننامەی نیو ستارت و گریمانەی ئەوەیان داناوە كە هیچ كام لە لایەنەكان پابەندی خاڵەكانی رێككەوتنەكە نین.

لەلایەكی دیكەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە ئەمریكا و روسیا كرد، پەلە بكەن لە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەیەكی نوێ. وتیشی، لەماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا، یەكەمجارە رووبەڕووی جیهانێك دەبنەوە كە هیچ سنورێكی پابەندكەری نییە بۆ چەكە ئەتۆمییەكانی روسیا و ئەمریكا.

هەر لەبارەی نیو ستارتەوە، پێشتر، میدیاكانی ئەمریكا ئەوەیان ئاشكرا كردووە، ترەمپ دەیەوێت بۆ نوێكردنەوەی پەیماننامەكە چین رازی بكات بە بەشداریكردن. بەڵام چین بە رەسمی رایگەیاند، لەم قۆناغەدا بەشداریكردن لە دانوستانی ئەتۆمی رەتدەكەنەوە، دەشڵێت: توانا ئەتۆمییەكانمان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا جیاوازە.

كۆتاییهاتنی پەیماننامەكە سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی لەسەر دوو وڵاتی زلهێزی جیهان هەڵدەگرێت. كۆتاییهاتنەكەشی لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا تاكلایەنانە بەردەوامە لە كشانەوەی لە چەندین رێككەوتن و رێكخراوی جیهانی گرنگ، كە هەڵوێست و كارەكانی ئەمریكا سنوردار دەكەن.