نەخشەی شوێنی چەکە ئەمریکییەکان دژی ئێران؛ لە ئاسمان و دەریاوە
راهۆز
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ساڵی رابردوو بە شانازییەوە باسی لە بۆردومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکرد بە بۆمبە زەبەلاحەکانی فڕۆکەی B-2، ئێستا خۆی بۆ سیناریۆیەکی نوێ ئامادە دەکات کە ئەمجارەیان لەژێر ناوی "پشتیوانی لە خۆپیشاندەران"دایە.
سی ئێن ئێن لە زاری پسپۆڕانی سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە، هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا جیاواز دەبێت لەو هێرشە سنوردارەی ساڵی رابردوو بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمی، هاوکات دەسەڵاتدارانی ئێرانیش لەو پەڕی ئامادەباشیدان و بەردەوام ئاماژە بە پێشکەوتنی توانا سەربازییەکانیان دەدەن، چونکە ئەمجارە دەبێت ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسداران، هێزەکانی بەسیج و پۆلیس بکرێنە ئامانج.
مەترسیی کوژرانی مەدەنییەکان:
کێشەی گەورەی ئەم پلانی هێرشکردنە ئەوەیە زۆربەی بنکەکان لەناو ناوچە ئاوەدانەکانن. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە کوژرانی هەر هاووڵاتییەکی مەدەنی، دەبێتە "سەرکەوتنێکی راگەیاندن" بۆ رژێمی ئێران و دەیکاتە کەرەستەیەک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری خۆی، تەنانەت ئەو ریفۆرمخوازانەش لەدەست دەدەن کە دژی بۆردومانی ئەمریکان.
کارڵ شوستەر، کاپتنی پێشووی هێزی دەریاوانیی ئەمریکا دەڵێت: "دەبێت هەر جوڵەیەک زۆر ورد بێت و هیچ کەسێک لە دەرەوەی سوپای پاسداران نەکوژرێت، ئەگەر مەدەنییەکان زیانیان بەر بکەوێت، ئەمریکا وەک هێزێکی داگیرکەر دەردەکەوێت نەک رزگارکەر".
ئامانجەکان؛ لێدان لەدڵی پاسداران:
جگە لە شوێنی سەرکردەکان کە دەکرێت وەک پەیامێکی سیاسی بکرێنە ئامانج، شارەزایان پێشبینی دەکەن بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سوپای پاسداران بکرێنە ئامانج، چونکە بەپێی مەزەندە و پاگەندەکانی ئەمریکا، سوپای پاسداران لەڕێگەی تۆڕێک لە کۆمپانیاوە دەستی بەسەر سێیەکی داهاتی نیشتمانیی ئێراندا گرتووە.
چەکەکان؛ موشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان:
بەپێچەوانەی ساڵی رابردوو کە فڕۆکەی B-2 بەکارهات، بۆ ئەمجارە پێشبینی دەکرێت ئەمریکا پشت بەم چەکانە ببەستێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان:
-
موشەکی کروز (تۆماهۆک): کە لە دوورەوە و لەسەر کەشتی و ژێردەریاییەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن.
-
موشەکی ئاسمانی: کە لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانەوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە دەوەشێندرێن.
-
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان: بۆ پێکانی ئامانجە وردەکان.
شارەزایان بە دووری دەزانن بۆمبی ئاسایی بەکاربهێنرێت بەهۆی مەترسیی زۆرەوە، پێشبینی دەکەن هێرشەکە "خێرا و کاریگەر" بێت بۆ ئەوەی سەرنجی میدیاکان رابکێشێت، بەڵام هێشتا مەترسیی ئەوە هەیە ئەنجامەکەی پێچەوانەی خواستی واشنتۆن بێت، چونکە توانای سەربازی ئێران، زۆر جار دەکەوێتە سەر و ئاستی چاوەڕوانی وڵاتانی دژبەرییەوە.




