ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەكان بۆ گواستنەوەی بریندارەكانی حەلەب بەرهەمی كەمپینی دەزگای میدیای كوردسات بوون
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دوای داگیركردنی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب لەلایەن چەكدارانی سوریاوە، بریندارەكانی ئەو شەڕە نابەرانبەرەش، لە رێگەی چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاگوزاری لە حەلەبەوە گەیەنرانە دێر حافر، ئەو ئۆتۆمبێڵانەش لە رێگەی ئەو هاوكارییە داراییەوە دابینكراون، كە دەزگای میدیایی كوردسات لە مانگی شوباتی 2023 كەمپینێكی بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا و باكوری كوردستان بە ناوی كەمپینی هاوخەمتانین راگەیاند و لەو كاتەشدا زۆرترین هاوكاری كۆكرایەوە.
لە مانگی شوباتی 2023، كەمپینی هاوخەمتانین لەلایەن دەزگای میدیایی كوردسات و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان و رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت "سی دی ئۆ"و مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەكە لە سلێمانی و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان رێكخرا.
لە كۆتایی كەمپینەكەشدا لە رۆژی 11ی شوباتی 2023 لیژنەی باڵای كەمپینی هاوخەمتانین لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، دەزگای میدیای كوردسات دەستپێشخەری راگەیاندنی كەمپینەكە بووە، ئاشكراشیكرد، لە ماوەی هەفتەیەكدا 389 ملیۆن و 292 هەزار و 750 دیناری عیراقی و 132 هەزار و 840 دۆلاری ئەمریكی و 200 پاوەن و 350 یۆرۆ بە دەستی لیژنەی دارایی كەمپینەكە گەیشت، ئەو بڕە پارەیەش ئەو كاتە خرایەسەر حساب بانكی بۆ ناوچە كارەساتبارەكان.
لە رۆژانی رابردووشدا ئەو ئەبومڵانسانە بریندارانی داستانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی لە حەڵەب پێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش بەرهەمی ئەو كەمپینەی دەزگای میدیای كوردسات بووە، كە ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی تەندروستی پێكڕدراوە و لە ئێستادا سودی لێوەردەگیرێت و بۆ خزمەتگوزاری گشتی بەكار دەهێنرێت، سیپان خەلیل بەڕێوەبەری مانگی سووری كوردیش، رایگەیاندووە، زۆر سوپاس بۆ پاڵپشتی و هاوكاریتان..
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، هەر کاتێک هەر پارچەیەکی کوردستان توشی کارەساتێک یاخود رووبەڕووی هەر زوڵم و زۆردارییەک بووبێتەوە، پارچەکانی تری کوردستان بوونەتە فریادڕەس و هاوکارییان کردووە.




