کێبوون ئەو کەسانەی هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەریان ئەنجامدا
رەوەز فازیل
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرلەبەیانی رۆژی 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001 شانەیەکی تیرۆرستی رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە توانیان چوار فڕۆکەی مەدەنی نەفەرهەڵگر بڕفێنن پاشانیش بەرەو سێ شوێنی جیاواز فڕۆکەکانیان فڕاند، کێبوون ئەو کەسانەی کە فڕۆکەکانیان فڕاند؟
بەپێی زانیاریە بڵاوکراوەکانی حکومەتی ئەمریکا سەرجەم ئەندامانی ئەو شانە تیرۆرستیەی قاعیدە لە نەتەوەی عەرەبوون، کە 15 کەسیان خەڵکی شانشینی سعودیەبوون، دوو کەسیان خەڵکی ئیمارات بوون، هەروەها دوو کەسی دیکەیان لوبنانی و مسری بوون.
بەپێی راپۆرتی پڕۆژەی روبەڕووبوونەوەی توندرەوی لە ئەمریکا، یەکێک لەو فڕۆکەوانە راهێنراوەی کە ئەندامێکی ئەو شانە تیرۆرستیەی قاعیدەبووە، ناوی محەمەد عەتا بووە، لە ساڵی 1968 لە ناوچەی کەفەر ئەلشێخ لە مسر لە دایکبووە و بروانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری تەلارسازی لە قاهیرە بەدەستهێناوە و لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدەوەکردوە، هەروەها لە مەشقی فڕۆکەوانی لە ئەکادیمیایەکی فڕۆکەوانی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا تەواوکردوە و مۆڵەتی فڕۆکەوانی بەدەستهێناوە، بەپێی زانیاریەکان، کەسایەتیەکی داخراو و توندڕەوی هەبووە.
مەروان ئەلشاهی، یەکێکی دیکە لە فڕۆکەوانە راهێنراوەکەی ئەو شانە تیرۆرستیەی قاعیدە بووە، لە ساڵی 1978 لەناوچەی راس ئەل خەیمە لە وڵاتی ئیمارات لە دایکبووە، خوێندنی سەربازی لە ئەڵمانیا تەواو کردوە و هەرلەوێش چاوی بە محەمەد عەتا کەوتووە لەگەڵیدا ژیاوە، پاشان لە ساڵی 1990 کە بەیعەتی بە ئوسامە بن لادن سەرۆکی رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە داوە، دواتریش لە ویلایەتی فلۆریدا مەشقی فڕۆکەوانی مەدەنی ئەنجامداوە و مۆڵەتی فڕۆکەوانی بەدەستهێناوە ، هەروەها لە رووی کەسیایەتییەوە کەسێکی کۆمەڵایەتی و کراوەبووە.
هانی هەنجوور،سێیەم فڕۆکەوانی راهێنراوی شانە تیرۆرستیەکەی قاعیدە، ساڵی 1972 لە شاری تائیفی شانیشینی سعودیە لەدایکبووە، لە ساڵی 1990 بەشداری مەشقی فڕۆکەوانی لە ولایەتی ئەریزۆنا کردوە و مۆڵەتی فڕۆکەوانی بەدەستهێناوە، پێشتریش لە وڵاتی ئەفغانستیان بەیعەتی بە رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە داوە.
زیاد جەبار، چوارەم فڕۆکەوانی راهێنراوی شانەن تیرۆرستیەکەی قاعیدە، لە ساڵی 1975 لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لە خێزانێکی دەوڵەمەند لە دایکبووە، خویندنی ئەندازیاری فڕۆکەوانی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا تەواوکردوە، لە وڵاتی ئەفغانستان بەیعەتی بە رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە داوە، دواتر لە ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا مەشقی فڕۆکەوانی لە ئەنجامداوە و مۆڵەت فڕۆکەوانی بەدەستهێناوە، کەسایەتیەکی رۆژئاوایی هەبووە و کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و خۆشەویستیشی هەبووە.
ئەو هێرشە تیرۆرستیەی رێکخراوی قاعیدە ، بووە هۆی روخاندنی دوو تاوەری بازرگانی لە نیویۆرک و زیانگەیاندن بە باڵەخانەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ناسراو بە پێنتاگۆن، دوابەدوای ئەو روداوە، ئەمریکا بڕیاریدا جەنگ دژی تیرۆر رابگەیەنێت و لە ساڵی 2001 ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئەفغانستان دەستپێکرد ، پاشانیش لە ساڵی 2003 بە هاوکاری هاوپەیمانان هێرشی کردە سەر عیراق وحکومەتی ئەو کاتەی عیراقی روخاند.