كۆی قەرزە كەڵەكەبووەكانی كۆمپانیاكانی نالیا و چاڤی گەیشتووەتە نزیكەی 92 ملیار دینار
هادی
٣١ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرایكرد، كۆی قەرز و سودە كەڵەكەبووەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی لەئێستادا گەیشتووەتە نزیكەی 92 ملیار دینار، ئەوەش 76%ی ئەو بڕە پارەیەیە كە عیراق مانگانە داوا دەكات هەرێمی كوردستان وەك داهاتی ناوخۆ رادەستی بكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان لە وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابوری دەستگیرا بەسەر ژمارەیەك موڵكی كۆمپانیای نالیا و چاڤی و لە زیادكردنێكی ئاشكرادا هەموو ئەو موڵكانە دەفرۆشرێن كە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان 60 موڵكە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە 90ی دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە، لە 20/10/2021، تایبەت بە یەكلایی كردنەوەی دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكردنی دووەمی سلێمانی لە 22/9/2024، تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە "حجز" لەسەر كۆی موڵكەكانی هەردوو كۆمپانیای نالیا و چاڤی.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان موڵكە دەستبەسەرداگیراوەكانی كۆمپانیای چاڤی دەفرۆشێت كە ژمارەیان 60 موڵكە و پێكهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و كافتریا و كابینەی گەشتیاریی، كە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بۆ وەرگرتنەوەی كۆی قەرز و سوودە كەڵەكەبووەكانی كە لەئێستادا گەیشتووەتە 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار و 350 دینار.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئێستا حكومەتی عیراق بەپێی رێككەوتنەكان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری هەرێم، بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكان لەگەڵ بەغداد، داوا دەكات هەرێمی كوردستان مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، كۆی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤیش، 76%ی ئەو بڕە پارەیەیە كە عیراق لە هەرێمی داوا دەكات، ئەگەر ئەو قەرزانەش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی هەرێم، دەتوانرێت بەشێكی كێشەكان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكرێن، بەڵام شاسوار عەبدولواحید لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەرزدارە و بە هەوەس نایداتەوە، باجیش نادات و حساب بۆ حكومەتیش ناكات.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەختیشیكردووەتەوە، لەسەر داوای بانكی سلێمانی یەك، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكانی وەزارەتی دارایی دوای چەندین جار ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكان و پابەند نەبوونی، وەزارەتی دارایی بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە رێگەی زیادكردنی ئاشكراوە هەموو ئەو موڵكانە بفرۆشێت كە نیشانەی گلدانەوە "حجز"یان خراوەتەسەر.