ترەمپ و پوتن لە ئالاسكا باسیان لە شەڕی ئۆكراین و ئاشتی جیهان كرد
ئاکام
١٦ی ئابی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پوتن بە دڵ بوو كە ئاشتی جیهان و شەڕی ئۆكراین تەوەری سەرەكی بوو، پوتنیش ئارەزووی ئەوەی هەیە شەڕ كۆتایی بێت، زیلینسكیش دەڵێت، بۆ هەمان مەبەست دووشەممە لە ئەمریكا دەببێت و وڵاتانی ئەوروپاش پێشوازی لە هەوڵەكانی ترەمپ دەكەن.
دوای ململانێیەكی زۆری نێوان ئەمریكا و روسیا بە تایبەتیش لەسەر شەڕی ئۆكراین، دواجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە ویلایەتی ئالاسكا كۆبوونەوە كە سێ سەعاتی خایاند، دوای كۆبوونەوەكەش ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ پوتن لەسەر ناتۆ و ئاسایشی جیهان و شەڕی ئۆكراین گفتوگۆیان كردووە و زۆر نزیكن لە رێككەوتن.
پوتنیش وتی، لەگەڵ ئەمریكا دراوسێیەكی نزیكن و دەیانەوێت كۆتایی بەشەڕ بهێنن، داواشی لە ئۆكراین و وڵاتانی ئەوروپا كرد رێگری بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دروست نەكەن.
لە دوای دیدارەكەشیان، ترەمپ ماوەی سەعاتێك قسەی لەگەڵ سەركردەكانی ئەوروپا كردووە لە ناویاندا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین و كییەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و جۆرجیا میلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا و فریدریك مێریز راوێژكاری ئەڵمانیا و چەند سەركردەیەكی تر.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینیش رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەی هەموو هەوڵێكە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕ، لەو پێناوەشدا رۆژی دووشەممە لە واشنتۆن لەگەڵ ترەمپ كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاگربەست و رێككەوتنی ئاشتی.
ئەنجومەنی ئەوروپاش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وڵاتانی ئەوروپا پێشوازی لە هەوڵەكانی ترەمپ دەكەن لەپێناو راگرتنی كوشتنی هاووڵاتیان و شەرەنگێزی روسیا و گەیشتن بە ئاشتی هەمیشەیی.
ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆك وەزیرانی هەنگاریاش دەڵێت، چەند ساڵێك بوو دوو وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆم هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكەكەیان دەكرد، بەڵام ئەوە تێپەڕی و ئێستا جیهان سەلامەتترە لە دوای دیداری ترەمپ و پوتن بەراورد بە رابردوو.
ستیڤان دوجاریك وتەبێژی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاند، پێشوازی لە كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا دەكەن و هیوادارن هەنگاو بنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكراین و بەدیهێنانی ئاشتی.
دۆڤیل ساكالینی وەزیری بەرگری لیتوانیاش پوتنی بە تاوانبار وەسفكرد و تۆمەتباریشی كرد بە بڵاوكردنەوەی چەواشەكاری، پێشبینیشیكرد ئەوروپا و ئۆكراین بەشداری دانوستانی داهاتوو نەكەن.
وەزیری دەرەوەی چیكیش رایگەیاند، پوتن ئۆكراینی بە سەرەتای ئاڵۆزییەكان تۆمەتبار كردووە، بەڵام كێشە سەرەكییەكە روسیایە كە نایەوێت ئۆكراین بە ئازادی بژی.
فرێدریك میرتز راوێژكاری ئەڵمانیاش هۆشداری داوەتە تیمی حكومەت تەنها چاودێری رەوشەكە بكەن و بە وریاییەوە مامەڵە بكەن.
باراك راڤید رۆژنامەنوس پێگەی ئەكسیۆس دەڵێت، ترەمپ بە وڵاتانی ناتۆ و زیلینسكی وتووە، پوتن ئاگربەستی ناوێت و پێی باشە رێككەتنێكی گشتگیر بكرێت بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە و رێككەوتنێكی ئاشتی خێرای پێ باشترە لە ئاگربەست.