خامنەیی لە نێوان شەڕ و دیپلۆماسیدا؛ "مانۆڕێکی سارد" بۆ رزگارکردنی ئێران
١٤ی ئابی ٢٠٢٥
رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، "سەرکردایەتی ئێران لەئێستادا مەیلی بەرەو دانوستانی ئەتۆمی هەیە لەگەڵ رۆژئاوا، چونکە تێچووی روبەڕوبونەوەی سەربازیی بینیوە".
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، "خامنەیی گەیشتووەتە کۆدەنگییەکی ناوخۆیی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، چونکە بۆ مانەوەی ئێران پێویستە".
راپۆرتەکە رونیشی کردووەتەوە، "بەرپرسانی ئێران پێیان وایە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا تاکە رێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر و مەترسی وجودیی".
ئەم گۆڕانکارییەی ئێران، هەوڵێکە بۆ هەڵهاتن بۆ پێشەوە لە رێگەی مێزی دانوستانەوە نەک گۆڕەپانی روبەڕوبونەوە، بەو پێیەی شەڕەکە تاڕادەیەک لاوازی ژێرخانی بەرگری ئێرانی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا ئاشکرا کرد.
شکستی سەربازی و رێگریکردن
هێرشە ئاسمانییە وردەکان و بۆمبی دزەپێکەر، بەشە گرنگەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی لەناوبرد، لەنێویاندا بنکە ئەتۆمییەکانی وەک نەتەنز و فۆردۆ.
رۆیتەرز دەڵێت، "پەیامەکە روون بوو، هەر پەرەسەندنێکی زیاتر دەتوانێت ژێرخانی دەوڵەت و خودی ناوەندەکانی بڕیاردان بکاتە ئامانج"، لەم چوارچێوەیەدا پێدەچێت دانوستان دەرفەتێک بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی وجودی.
فشاری ئابوری و توڕەیی شەقام
رۆیتەرز: "سزاکانی ئەمریکا بەردەوامن بۆ خنکاندنی ئابوری ئێران"، هاوکات هەڵاوسان و بێکاری و توڕەیی گشتی ئاگرەکە خۆشتر دەکەن، دروشمەکانی وەک "مەرگ بۆ فەلەستین" لە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێراندا، گۆڕانکاری لە هەستی خەڵک دژی ئەو سیاسەتانە ئاشکرا دەکەن، کە پاڵپشتی هاوپەیمانە ناوچەییەکان دەکەن لەسەر حیسابی سیاسەتی ناوخۆ.
کرانەوە بەڕووی دانوستانەکاندا دەتوانێت یارمەتی ئابووری بدات و گرژییەکان کەم بکاتەوە و تاڕادەیەک کۆنترۆڵی رەوشەکە بکاتەوە.
بەپێی بازنەکانی بڕیاردانی تاران، دانوستان بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ مانەوە، بەو پێیەی دوای جەنگ زانایانی ئەتۆمی گواسترانەوە بۆ شوێنە نهێنییەکان و ئاسایشی دامەزراوە ستراتیژییەکان، دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ کرایەوە.
هاوسەنگی هەرێمەکان لە گۆڕاندان
ئاگربەست و گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتۆن، کات دەگەڕێنێتەوە بۆ تاران بەمەبەستی دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکان و کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەرییەکانی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی وڵات.
ئەو گورزەی بەر حەماس کەوتووە، توانای تاران بۆ سەپاندنی مەرجەکانی لە رێگەی بریکارەوە لە غەززە کەمدەکاتەوە، هەربۆیە لێرەدا دیپلۆماسییەت پێدەچێت ببێتە ئامڕازێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستچوون.
بە بۆچوونی چاودێران، "خامنەیی عەقیدەی خۆی ناگۆڕێت، بەڵکو ئامرازەکانی خۆی دەگۆڕێت"، شەڕەکە دەریخستووە، بەردەوامبوون لەسەر رێگای روبەڕوبونەوەی راستەوخۆ بە واتای مەترسی داڕمانی ناوخۆیی یان شکستێکی چەقبەستوویی دێت.
بەڵام وەک هەموو خولەکانی پێشووی دانوستانەکان، تاران هەوڵ دەدات کەمترین بەخشین بدات بۆ ئەوەی زۆرترینی دەست بکەوێت، ئەمە یارییەکی مەترسیدارە، بەتایبەت ئەگەر واشنتۆن و تەلئەبیب بڕیار بدەن کە "کاتی گرێبەستەکان تێپەڕیوە".