لە بڕیارێکی مێژووییدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی، کە بەرزترین دادگای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، رێگەی خۆشکرد بۆ وڵاتان کە سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار بکەن سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش ئەو گازانە دەگرێتەوە کە لە مێژوودا بەرپرس بوون لە گەرمبوونی زەوی.`

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادوەر لە دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ) لە لاهای-ی هۆڵەندا رایگەیاند، هەرچەندە دیاریکردنی ئەوەی کە کام وڵات بەرپرسیارە لە کام بەشی گۆڕانی کەشوهەوا کارێکی ئاسان نابێت، بەڵام بڕیارەکە دەرچووە.

هەرچەندە بڕیارەکە ناچاری نییە، بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن کە دەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی هەبێت. ئەم بڕیارە وەک سەرکەوتنێک بۆ ئەو وڵاتانە تەماشا دەکرێت کە زۆرترین زیانیان لە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە و بەهۆی بێهیوابوونیان لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پەنایان بۆ دادگا بردووە.

سەرکەوتنێک بۆ گەلانی دوورگەکان

ئەم دۆسیەیە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، بیرۆکەی کۆمەڵێک خوێندکاری گەنجی یاسا بوو لە دوورگەکانی زەریای هێمن، کە لە ساڵی 2019دا بیریان لێکردەوە.

فلۆرا ڤانۆ، لە دوورگەی ڤانواتو کە بە مەترسیدارترین وڵات دادەنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا، وتی: "ئەمشەو ئاسودەتر دەخەوم. دادگای دادی نێودەوڵەتی دانی بەوەدانا کە ئێمە پێیدا تێپەڕیوین – ئازارەکانمان، خۆڕاگریمان و مافی ئێمە بۆ داهاتوو". ناوبراو وتیشی: "ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی لە هێڵی پێشەوەن و تێدەکۆشن بۆئەوەی دەنگیان ببیسترێت."

چالاکوانان و پارێزەرانی بواری کەشوهەوا هیوادارن ئەم بڕیارە مێژووییە رێگە خۆش بکات بۆ داواکردنی قەرەبوو لەو وڵاتانەی کە لە مێژوودا زۆرترین سووتەمەنیی بەردینیان بەکارهێناوە و بەمەش بەرپرسیارێتیی سەرەکیی گەرمبوونی زەوییان دەکەوێتە ئەستۆ.

زۆرێک لە وڵاتانی هەژارتر لەبەر بێهیوابوون پشتیوانییان لە دۆسیەکە کرد و رایانگەیاند کە وڵاتانی پێشکەوتوو پابەندی بەڵێنەکانیان نابن بۆیە ئەم کێشەیە روو لە هەڵکشانە.

بەڵام وڵاتانی پێشکەوتوو، لەنێویاندا بەریتانیا، پێیانوابوو کە رێککەوتنەکانی ئێستای تایبەت بە کەشوهەوا، وەک رێککەوتنی پاریسی ساڵی 2015، بەسن و نابێت هیچ پابەندییەکی یاسایی دیکە بسەپێنرێت.

دادوەر ئیواساوا یوجی وتیشی، ئەگەر وڵاتان پلانە هەرە گەورەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دانەنێن، ئەوا ئەمە بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان لە رێککەوتنی پاریسدا هەژمار دەکرێت.

ناوبراو زیادی کرد کە یاسا نێودەوڵەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێن، واتە ئەو وڵاتانەی کە رێککەوتنی پاریسیان ئیمزا نەکردووە، یان دەیانەوێت لێی بکشێنەوە وەک ئەمریکا، هێشتا ناچارن پارێزگاری لە ژینگە بکەن، بە سیستەمی کەشوهەواشەوە.

"بڕیارەکە وەرچەرخانێکی یاساییە،" جۆی چۆدری، پارێزەری باڵا لە سەنتەری یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی (CIEL) وای وت. ناوبراو وتیشی: "بە بڕیارە مێژوویی و دەسەڵاتدارەکەی ئەمڕۆ، دادگای دادی نێودەوڵەتی رێچکەی ئاسایی تێکشکاند و دانپێدانانێکی مێژوویی پێشکەش کرد: ئەوانەی زیانیان لە وێرانکارییەکانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، مافی چارەسەریان هەیە بۆ زیانەکانی کەشوهەوا، بە قەرەبووکردنەوەشەوە."

پێوەند بە دۆخی ژینگەی جیهانیەوە، هۆشدارییەکان تا دێن زۆر دەبن و رێکخراوە جیهانیەکانیش هۆشداری دەدەن لەبارەی رێژەی زۆری پلاستیک و پاشماوەی جەنگەکانەوە.

چەند جۆرێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگە ئاماژەی پێدراوە: 

شێوازەکانی پیسبوونی ژینگە:

- پیسبوونی خاک

خاک یەکێکە لە گرنگترین سامانە سرووشتییەکان، بەهۆی چالاکی نادروستی مرۆڤەوە پیس دەبێت، هەندێک لە رێژەی پیسبوونی خاک، بریتییە لە گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی، بۆ تەلار و باڵەخانە و رێگای قیرتاوکراو، کەوا دەکات زەوییەکە، سوودە سرووشتییەکەی خۆی نەمێنێت، بەشێکی دیکەی پیسبوونی خاک، بەهۆی فڕێندانی پاشەڕۆ، ماددە تیشکدەرەوەکان، پاشماوە ئەلکترۆنییەکان، پیسبوون بەهۆی ئاودانی زۆر و سوێربوونی خاک، بوورکان، ماددە کیمیاییە کشتوکاڵی و جەنگییەکانەوەیە.

ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی لە خاکێکی پیسدا بەرهەمدەهێندرێن، کاریگەرییان دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ، هەروەها پیسبوونی خاک دەبێتە هۆی، کەمی بەرهەمی رووەکی، تێکدانی هاوسەنگی نێوان روەک و گیانلەبەران، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، کەمکردنەوەی رێژەی رووبەری سەوزایی و ئۆکسجین.

- پیسبوونی ئاو

تێکەڵاوبوونی ماددە جیاوازەکان لەگەڵ ئاودا، وادەکات گۆڕانکاری بەسەر تام و بۆن و رەنگی ئاودا بێت، هەروەها رێژەی خوێ و ترش و تفتی ئاو ناهاوسەنگ دەبێت،  بەوهۆیەوە ناتوانرێت سودی لێببینرێت

هەندێک پیسبوونی ئاو هەیە فیزیاییە، ئەوەش لە رێگەی گەرمبوونی ئەو ئاوەی بۆ سارکردنەوەی کارگەکان بەکاردەهێندرێت، یان تێکەڵاوبوونی زبڵ و پاشماوەکان، بەشێک لە پیسبوونەکەش کیمیاییە، ئەوەش لە رێگەی پاشماوە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان و ماددە خۆراکی و پاککەرەوەکانەوە دەبێت.

لە هەندێک ناوچەش پیسبوونی بایەلۆجی ئاو دروستدەبێت، بەهۆی زیادبوونی رێژەی زیندەوەرێک یان کەڕوو یان بەکتریایەک لەناو سەرچاوە ئاوییەکاندا، کەوا دەکات ئاوەکە پیسبێت و بۆ بەکاهێنان نەشیاوبێت.

- پیسبوونی هەوا

هەر مرۆڤێک بۆ بەردەوامبوونی لە ژیاندا پێویستی بە هەوا هەیە، بەڵام پیسبوونی هەوا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بەشێک لە هەوای شارە گەورەکانی جیهان بەهۆی زۆری کارگەکان، ئۆتۆمبیل و گۆڕانی کەشوهەوا و خۆڵبارینەوە پیسدەبێت و کاریگەری لەسەر دەماخ، کۆئەندامی هەناسە و رێژەی ئۆکسجینی جەستەی مرۆڤ دەبێت.

هەندێکجار، پیسبوونی هەوا، لە رێگەی بڵاوبوونەوەی بۆنی پاشماوە و کارلێکە کیمیاییەکان و گازە زیانبەخشەکانەوە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەکات، بەشێک لە بۆمبەکان بەشێوازێک دروستکراون کە لە رێگەی بۆنەوە زیان بەو شوێنە دەگەیەنن کە تێدا بەکاردەهێندرێن.

- پیسبوونی بینین

ئەم پیسبوونە لە رێگەی کەمکردنەوەی رێژەی سەوزایی و زۆربوونی دانیشتوانەوە دروستدەبێت، کاتێک گرنگی نادرێت بە ژینگە و باڵەخانە و شوێنە جاوازەکان بەشێوازێکی هەرەمەکی بنیاتدەنرێن، پیسبوونی بینین دروستدەکەن، لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهان بەم پیسبوونە دەگوترێت ناڕێکی شارەکان و تیایدا ناڕێکیەکی گەورە دروستدەبێت. 

- پیسبوونی دەنگ (ژاوەژاو)

مرۆڤەکان بەدەستی خۆیان ئامێر و دەنگی جیاواز دروستدەکەن، کە زۆربوونی ئەم دەنگانە، دەبێتە هۆی پیسبوونی دەنگ و کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گوێیەکانی.

تێکدانی باری دەروونی و کاتی خەو و پشووەکان، چەند گرفتێکی دیکەن کە بەهۆی کاریگەریەکانی پیسبوونی دەنگەوە پەیدا دەبن. 

- پیسبوون بە تیشک

ئەو تاوەرانەی بۆ ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دانراون و لە رێگەی کارۆموکناتیسییەوە کاردەکان یان ئەو تیشکانەی لە رێگەی تیشکدانەوەی هەندێک بۆمبەوە بڵاودەبنەوە، کاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر مرۆڤ و دەرکەوتنی نەخۆشییەکانی، مێشک و دەمار، سەرئێشە، نەزۆکی و نەخۆشی پێست.