زانایان: زیادبوونی تەمەنی دایکان پەیوەندی بە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەوە هەیە
هەساو ئەمیر
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
زانایانی زانکۆی هارڤارد لە نوێترین توێژینەوەدا باسیان لە هۆکارێکی تایبەت بە دایکانەوە کردووە لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا و ئاماژە بەوە دەکەن، زیادبوونی تەمەنی دایکان پەیوەندی هەیە بە دیاریکدنی رەگەزی کۆرپەلەوە.
ئەگەرچی لە رابردوودا دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە رێژەیەکی یەکسانی هەبوو لەنێوان رەگەزی نێر و رەگەزی مێ'دا، بە جۆرێک، دایکان تەنها خاوەنی کرۆمۆسۆمی X و باوکانیش خاوەنی هەریەک لە کرۆمۆسۆمیX وY 'ن. کە ئەگەر باوکەکە کرۆمۆسۆمی X بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە مێ دەبێت و ئەگەر کرۆمۆسۆمی Y بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە نێر دەبێت.
ئێستا زانایانی زانکۆی هارڤارد باس لەوەدەکەن، تەمەنی دایکیش دەتوانێت بەشدار بێت لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 28 ساڵی بەدواوە ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی لەدوای منداڵی یەکەم دەیبێت هەمان رەگەز بن بە رێژەی 43٪ـە.
هەروەها ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 23 ساڵی ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی دیکەی هەمان رەگەزی منداڵی یەکەم بن کەمدەبێتەوە بۆ 34٪.
ئەگەرچی زاناکان هۆکارەکەیان روون نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆکارەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکانی جەستەی دایکەکەوە هەیە، کە بەگوێرەی هەڵچوونی تەمەنی دەگۆڕێت و کاریگەریی دروست دەکات.
زانایانی زانکۆی هارڤارد ئەوەشیان روونکردووەتەوە، "سەرەڕای گەیشتن بەو ئەنجامە لە توێژینەوەکەماندا، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کەسەکان وەڵامندانەوەی جەستەیان بۆ گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکان جیاوازە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی خۆتدا دەکرێت هاوکار بێت".