بەپێی راپۆرتێکی دەزگایەکی فریاگوزاری، بەشێک لە خەڵکی غەززە بەهۆی برسێتییەوە توشی بێهۆشی دەبن، هاوکات یونیسێفیش دەڵێت: بەدخۆراکی لەناو منداڵانی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

دەزگای فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین 'ئونروا' لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، برسێتی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پێویستە بە زوترین کات گەمارۆکان هەڵبگیرێت و رێگە بە ئونروا بدرێت خۆراک و دەرمان بگەیەننە کەرتی غەززە.

هەروەها رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' رایگەیاندووە، بەدخۆراکی کوشندە لەناو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

رێکخراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی برسێتییەوە لە غەززە خەڵک روبەروی مردن بونەوەتەوە و خۆراک بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم بووە، ئاوی پاکیش لە خوار ئاستی فریاگوزارییەوەیە.

یونیسێف وتوشیەتی هاوکارییەکان بە توندی سنوردارکراون و دەستگەشتنی خەڵکی غەززە بە هاوکارییەکان مەترسیدارە و روبەروی مەرگ دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە پزیشکییەکان رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ دوو منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بە پێی بەدواداچونەکان، دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی تێکچوون، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ چەند رۆژێک لە خۆراک بێبەشن.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی راشیگەیاندووە، نزیکەی 90 هەزار منداڵ و ژن بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی 800 کەس لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتیدان کوژراون.

لای خۆشیانەوە، پزیشکانی بێ سنوور هەفتەی رابردوو ئاشکرایانکرد، تیمەکانیان کە لە غەززە کاردەکەن، زۆرترین ژمارەی حاڵەتەکانی بەدخۆراکی دەبینن کە تا ئێستا لە کەرتی غەززە بەو رێژە بەرزە تۆمارکرابێت.

جێگەی ئاماژەیە، لە دووی ئازاردا ئیسرائیل دەستیکرد بە سەپاندنی گەمارۆی توند بەسەر کەرتی غەززەدا، دوای کۆتایهێنان بە دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی شەش هەفتەیی کە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بەردەوام بوو، ئیسرائیل تا کۆتایی مانگی ئایار رێگری لە چوونە ژوورەوەی هەموو کاڵایەک کرد و تەنها رێگەی بە ژمارەیەکی کەمی بارهەڵگر دەدا بچێتە کەرتی غەززە.

بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکانی کەرتی غەززە، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چاوەڕوانی یارمەتیدان و گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان کوژراون بۆ زیاتر لە 1021 کەس بەرزبووەتەوە و نزیکەی شەش هەزار و 511 کەسیش برینداربوون.