بەریتانیا و 20 وڵاتی دیکە داوا دەکەن دەستبەجێ شەڕ لە کەرتی غەززە رابگیرێت
محەمەد رزگار
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
بەریتانیا و زیاتر لە 20 وڵاتی دیکە خوازیارن دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕ لە کەرتی غەززە بهێنرێت، دەشڵێن، شێوازی هاوکاریی حکومەتی ئیسرائیل مەترسیدارە و خەڵکی غەززە لە کەرامەتی مرۆیی خۆیان بێبەش دەکات.
وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک و وڵاتانی دیکە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایانکرد، ئێمەی پێکەوە پەیامێکی سادە و بەپەلە دەنێرین و پێویستە شەڕی غەززە لە ئێستاوە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوان ئامادەن رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و پرۆسەیەکی سیاسی، کە ببێتە هۆی ئاسایش و ئارامی بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و تەواوی ناوچەکە.
ئەو وڵاتانە راشیانگەیاندووە، زیاتر لە 800 فەلەستینی لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی یارمەتی مرۆیی کوژراون، هەروەها ئیدانەی ئەو کارە دەکەن و دابەشکردنی نارێک و پێکی هاوکارییەکان بە کوشتنی دڕندانەی خەڵکی مەدەنی وەسف دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان جەختیان لەوەکردەوە، ئەو شێوازەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان دایمەزراندووە، مەترسیدارە و خەڵکی غەززە لە کەرامەتی مرۆیی خۆیان بێبەش دەکات.
دامەزراوەی مرۆیی غەززە کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمنی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ غەززە، نەتەوەیەگرتووەکان ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە رێگەی بە چەکدارانی حەماس داوە باری هاوکارییەکان تاڵان بکەن کە بۆ خەڵکی مەدەنی دانراون. حەماسیش ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان شیوازی دامەزراوەی مرۆیی غەززەی بە ناپارێزراو و پێشێلکردنی پێوەرەکانی بێلایەنی مرۆیی وەسف کردووە.
هاوکات، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی چوونە ناوەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی یارمەتییە مرۆیی و فریاگوزاریەکان، کە لە ئێستادا برسێتییەکی سەخت و کارەساتی مرۆیی ناوچەکەی گرتوەتەوە.