یەدەگی ئاوی عیراق بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی 60% كەمبوەتەوە
شنیار
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
بەهۆی كەمبونەوەی یەدەگی ئاو بەرێژەی لە سەدا 60 ، عیراق روبەروی مەترسی وشكەساڵی دەبێتەوە .
رێكخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردوە ، هەوڵە حكومییەكان و پشتگیریە نێودەوڵەتییەكان بۆ روبەروبونەوەی مەترسی وشكە ساڵی لە عیراق ، راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیانەوە چونكە دەبێت بە تەواوی بزانن چۆن پارێزگاری لە سامانی ئاو دەكەن .
یونسێف لە راپۆرتەكەدا هۆشداری داوە لەوەی كە كەمیی ئاو بە تەنها هەرەشە نیە لەسەر ئاسایشی خۆراك ، بەڵكو رەنگدانەوەی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی هەیە، ئەوەش بەهۆی نەبونی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە لە خوێندنگەكانی عیراق بە تایبەتی لە خوێندنگەی لە گوندەكاندا .
یونسێف دەڵێت لە ئێستادا توێژینەوەیەك دەكەن لەبارەی ئەوەی ئێستا بەشە ئاوی رۆژانەی هاوڵاتیانی عیراق بەتایبەت لەو ناوچانەی گرفتی بێ ئاوییان هەیە چەندە ، لەو رێیەشەوە دەكرێت پلانی باشتر بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دابنرێت .
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش زانیاریەكانی یوسنێف پشت راست دەكاتەوە و هۆشداریش لەبارەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی دەدات
عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاندوە ، بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و كەمكردنەوەی پشكی ئاو لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، عیراق بە سەخترین قەیرانی كەمئاوی لە دوو دەیەی رابردوودا تێپەڕدەبێت، هەوڵەكانیشیان چڕكردووەتەوە بۆئەوەی لەرێگەی نەهێشتنی زیادەڕۆیی سەر سەرچاوەكانی ئاو و قەدەغەكردنی كشتوكاڵی وەرزی هاوینە بە ئاوی خواردنەوە، لێكەوتەكانی وشكیساڵێ كەمبكەنەوە
بەپێی داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ، یەدەگی ئاوی عیراق بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی لە سەدا 60 كەمبوەتەوە ، چونكە زستانی ئەمساڵ رێژەی باران و بەفر بارین تا رادەیەكی زۆر كەمیكرد . هەندێك لە راپۆرتەكانیش باس لەوە دەكەن كە ژمارەیەك لە بەنداوەكان بەتایبەت بەنداوی موسڵ و حەدیسە چالاكییەكانیان كەمبوەتەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەكانیان ، ئەمەش كاریگەرییەكی زیاتری لەسەر كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە دروستكردوە .
بە پێی راپۆرتی رێكخراوە ناوخۆییەكانیش كەمی ئاو بوەتە هۆكار بۆ ئاوارەبونی هەزاران خێزانی عیراقی لەناوچەكانیان بەتایبەت لە بەسرە و زیقار و میسان ، چونكە لەو ناوچانە زەوییە كشتوكاڵییەكان بەهۆی بێئاوییەوە بونەتە خاكێكی بێ پیت بۆ كشتوكاڵ .