تەندروستیی عیراق: دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبووی نوێی تای خوێنبەربوونمان تۆمار کرد
هەساو ئەمیر
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 30 کەس و توشبوونیش گەیشتە 231 کەس.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگای زیقار و واست بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بۆ ساڵی 2025 لە عیراقدا گەیشتووەتە 231 کەس.
بەپێی وتەی سەیف بەدر، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی توشبوون بە پەتاکە بەم جۆرەیە: دهۆک- یەک گیانلەدەستدان و سێ توشبوون، هەولێر و سلێمانی هەریەکی یەک توشبوو".
پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.
پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.
ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.
هۆکارەکانی توشبوون:
ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.
هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.
بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی زانیاری تەواو لەسەر نیشانەکان و رێکاری خۆپارێزی کلیک لێرە بکە