لەناوبردنی چەك لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە"، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و تێكڕا بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە پێشوازییان لێكرد و بە هەنگاوێكی مێژوویی وەسفیان كرد.

لەنێو كاردانەوە ناوخۆییەكان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، لەناوبردنی چەك لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پەكەكەوە هەنگاوێكی مێژووییە، بۆ دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە باكووری كوردستان و توركیا لە رێگەی دیالۆگ  و ئاشتییەوە، ئاماژەی بەوەشدا، جێگەی شانازییانە بناغەی پرۆسەی ئاشتی یەكەمجار سەرۆك مام جەلال دایڕشتووە.

هەروەها، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی پەكەكە  پرۆسەی ئاشتی دەباتە قۆناغێكی نوێ و ئامادەییشی نیشاندا، بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكی پێویست و جێبەجێكردنی هەر ئەركێك كە بكەوێتە سەر شانی هەرێم.

هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، پەكەكـە لە پێگەیەكی بەهێزەوە وەك بەشێك لە دەستپێشخەرییەكی گەورە بۆ ئاشتی چەكەكانیان لەناوبرد، سلێمانیش وەك شارێك كە بە دروستكردنی پرد و چارەسەركردنی ناكۆكی لەرێگەی دیالۆگەوە ناسراوە، جارێكی تر ئەو رۆڵەی زیاتر بەرجەستە كرد.

لەسەر ئاستی توركیاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان " ئاكەپە" رایگەیاند، هیوادارن لەناوبردنی چەك لەلایەن پەكەكەوە سوودی بۆ پرۆسەی ئاشتی هەبێت، راشیگەیاند، لە هەوڵدان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لەناوچەكەدا.

هاوكات، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە"، كە لەسەر دەستپێشخەریی ناوبراو، رۆژی 22ـی تشرینی یەكەمی 2024، جارێكی تر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستیپێكردەوە، رایگەیاند، ئامانجی توركیای دوور لە تیرۆر بە هەنگاوی راستەقینە و دروست دەچێتە پێشەوە، ئاماژەی بەوەشدا، وەرچەرخانێكی مێژوویی و كۆتاییهاتنی سەردەمێكی تاریك هاتووەتە ئاراوە.

نوعمان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیاش رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی تایبەت بە هیچ پارتێك نییە بە تەنها، بەڵكو پرۆسەكە هی تەواوی توركیایە، سەركەوتنی پرۆسەكەش سەركەوتنی هەموو توركیا دەبێت.

هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" و  ئۆزگور ئوزەل سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە"ش پێشوازییان لە لەناوبردنی چەك كرد.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش باڵیۆزی زۆرێك لە وڵاتانی رۆژئاوا و جیهان پێشوازییان لە لەناوبردنی چەك لەلایەن پەكەكەوە كرد و بە بەرەوپێشچوونێكی گرنگ  و كاریگەر لە پرۆسەی ئاشتی وێنایان كرد.