سیحر و جادو ئەگەر لای زۆربەی گەلان و حکومەتەکان قەدەغەکراوبێت، ئەوە بە رەسمی لە زانکۆیەکی بەریتانیا دەخوێندرێت و بڕوانامەی باڵاشیان تیا وەردەگیرێت.

زانکۆی ئێکستەر لە بەریتانیا، ماوەی دوو ساڵە هەلی خوێندنی ماستەر لە بواری سیحر و جادوی بۆ فێرخوازان رەخساندووە، بەشێک کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووەتە تاوان و  سزای قورسی بەدواوەیە.

لەم زانکۆیەدا گرنگی بە مێژووی جادووگەری، ئەستێرەناسی و ئاینەکۆنەکان دەدرێت.

ئەمە زانکۆیە لە بەریتانیا کە بڕوانامەی رەسمی لەم بوارەدا پێشکەش بە خوێندکاران دەکات.

هەر لە بەریتانیا کۆلێژی )وێست دین(ی پیشەیی پرۆگرامێک لە زانستی کاتژمێر سازیدا دەخوێندرێت کە خوێندکار دەتوانێت فێری چۆنیەتی چاککردنەوە و دیزاینکردنی کاتژمێر ببێت، ئەمەش بە کارامەیییەکی دەگمەن و تایبەتمەندی سەدەکانی پێشوو دادەنرێت کە تا ئێستا خواستی لەسەرە.

هەڵبەت ئەمریکاش بێبەش نەبووە لە هەبوونی ئەم بەشە نامۆ و دەگمەنانە، زانکۆی کۆنتێکتیکۆت لە ئەمریکا پرۆگرامی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر لە بواری هونەری دروستکردنی بوکەڵەدا پێشکەش بە خوازیارانی ئەو بوارە دەکات.

خوێندکاران لەو بەشەدا پیشەییانە فێری دیزاینکردنی بوکەڵە و نووسینی سیناریۆ و نمایشی بوکەڵەیی لەسەر شانۆ و تەلەفزیۆن دەبن.

هەر لە ئەمریکا زانکۆی ڤینسێنس لە ویلایەتی ئیندیانا  پرۆگرامێک لە بواری بەڕێوەبردنی یاری بۆولینگ پێشکەش دەکات.

لەم بەشەدا تیۆرییەکانی بەڕێوەبردنی یاریگای بۆولینگ ، لەوانە خزمەتگوزاری کڕیاران، ئامێری دانانی پێن و چاککردنەوەی هێڵەکان. زانکۆی ڤینسێنس تاکە زانکۆیە لە تەواوی جیهاندا وخاوەنی ئەم بەشەیە.

زانکۆی ئەدینبۆرگ لە سکۆتلەندا ناسراوە بە بەشی زانستەکانی سەرو دەنگ ئەم بەشە لە تەلەپاتی و هێزە دەروونییەکان دەکۆڵێتەوە. هەرچەندە خوێندکاران ناتوانن گوێیان لەو دەنگانە بێت کە لێی دەکۆڵنەوە، بەڵام شێوازی زانستی بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتانەی کە تا ئێستا روون نین.

میسریش بێبەش نییە لەم بەشە سەرسوڕهێنەرانە، زانکۆی ئەسکەندەرییە خاوەنی بەشێکە بە ناوی شوێنەوارناسی لە ژێر ئاودا.

بەو پێیەی بەشێکی میسر لەسەر دەریایی ناوەڕاست و بەشێکیشی لەسەر دەریای سوورە و وڵاتێکی گەشتیارییە، پێویستی بە دەرچوانی ئەم بەشە هەیە  بۆ لێکۆڵینەوە لە شوینەوەرە گرنگەکانی ژێردەریا .

بەشە جیاوازەکان لە جیهاندا دەرخەری ئەو راستییەن کە خوێندنی باڵا دەتوانێت بێ سنوور بێت لە فێرکردنی زانستە جیاجیاکان. لە جادووگەرییەوە تا هونەری دروستکردنی بووکەڵە و چاککردنەوەی کاتژمێر.