پاسەوانەكانی بەریتانیا رۆژانە حەوت سەحات بە پێوە دەوەستن
لازیا عەلی
٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
پاسەوانانی شاهانە لە بەریتانیا لە سەرانسەری جیهاندا بە بێدەنگی و بەهێزی و جلە رەسمی و سەرنجڕاكێشەكەیان ناسراون بەڵام لە پشت ئەم ئەركەوە ڕۆڵێكی قورس و ستانداردی بەرز هەیە. ئەم پاسەوانانە سەربازی ڕاستەقینەی سوپای بەریتانیان، نەك تەنها بۆ شەڕكردن بەڵكو بۆ ئەركی ڕێوڕەسمی شاهانەش ڕاهێنانیان پێكراوە و ئەركیان پارێزگاریكردنە لە شوێنە شاهانەییەكانی وەك كۆشكی بەیكینگهام و سانت جەیمس و قەڵای ویندسۆر.
پێوەرەكانی بوون بە یەكێك لەپاسەوانانی كۆشكی شاهانە ئاسان نییە، سەربازەكان دوای چەندین تاقیكردنەوەی وەك وەستان بە پێوە بۆ ماوەی هەشت سەعات لە رۆژیكدا و كەمترین تروكانی چاوو و دەرنەبڕینی هیچ كاردانەوەیەك لە كاتی كار هەڵدەبژێردرێن، ئەو پاسەوانانەی كە لەدەرەوەی كۆشكن هەندیكیان ئەسپسوارن و پێویستە لە كاتی ئەركەكەیاندا جدی تر بن چونكە وێنەی ناوبانگی سەربازانی بەریتانیا نیشاندەدەن و گەشتیاران بەردەوام سەردانی كۆشكە شاهانەییەكانی بەڕیتانیا دەكەن و پێان خۆشە وێنە لەگەڵ پاسەوانەكان بگرن .
هەرچەندە زۆرجار گەشتیاران هەوڵدەدەن وێنە لەگەڵ پاسەوانان و ئەسپەكان بگرن یان بەركەوتنیان لەگەڵدا هەبێت، بەڵام بەركەوتنی جەستەیی و قسەكردن لە گەڵیان ڕێگەپێدراو نییە. سەردانكەران ئاگادار دەكرێنەوە كە دەست لە پاسەوانەكان یان ئەسپەكان نەدەن، چونكە هەردووكیان مەشق و ڕاهێنانیان پێكراوە و رێگەپێدراون كاردانەوەی توندیان هەبێت.
ئەركی هەر سەربازێك لە رۆژێكدا هەشت بۆ حەوت کاتژمێر وەستانە بە پێوە، سەربازەكە بۆی هەیە هەر دەخولەك جارێك كەمێك بجوڵێت لەبەر سەلامەتی قاچ و ماسولكەكانی، هەر دوو كاتژمێر جارێكیش شوێنی سەربازەكان دەگۆڕێت، ئەم ئەركە هەموو رۆژێك دووبارە دەبیتەوە لە وەرزی سەرما و گەرمادا.
جگە لە ئەركە قورسەكانیان یەكپۆشییەكاشیشیان سەرنجڕاكێشە كە پێكهاتووە لە چاكەتی سوور و كڵاوێكی گەورە كە لە فەرووی راستەقینەی ورچی رەشی كەنەدی دروستكراوە و ساڵانە زیاتر لە 100 ورچ بە هۆی ئەوەوە دەكوژرێن.جلی سەربازەكانیش بە پیی پلە دەگۆڕدرێت.