دیاردەیەکی سروشتی بەرۆکی بەشێک لە وڵاتانی جیهانی گرتووە
یەحیا
٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە یەك كاتدا ئاگر و لافاو لە زەوییە و بەفریش لە ئاسمان، دیاردەیەك كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانەوە بەرۆكی توركیا و ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپای گرتووە.
لە وشكەساڵییەوە بۆ زریان و لە ئاگركەوتنەوەوە تا شەپۆلی بەفر و باران، بەجۆرێك تەشەنەیان سەندووە كە بووەتە هەڕەشەیەكی نوێ لەسەر وڵاتانی جیهان.
لە كاتێكدا كە لە باكوری رۆژهەڵاتی توركیا بەفرێكی زۆر باریووە و ، بەڵام لە چەند ناوچەیەكی تری ئەو وڵاتە ئاگر تەنگی پێ هەڵچنیون و ژمارەیەك زۆر گوند چۆڵكراون.
شەپۆلێكی بەفر و باران، چەند پارێزگایەكی باكور و رۆژهەڵاتی توركیای گرتەوە، لەوانە ریزە، ترابزۆن، بایبورت و ئەرزڕوم كە نزیكەی 10 سانیتمەتر بەفر باریوە بەشێوەیەك لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا بێوینە بووە، لە هەمانكاتدا ئاگرێكی بەرفراوانیش لە دارستانەكانی چەشمە سەر بە پارێزگای ئیزمیر و ناوچەكانی ئۆدەمیش و بۆجاش كەوتووەتەوە و نزیكەی 81 هەزار هێكتار دارستانی سووتاندووە.
هەر لە یەك كاتدا لافاو ویلایەتی تكساس و ئاگریش بەرۆكی دارستانەكانی كالیفۆڕنیایان لە ئەمریكا گرتووە، ئاگرێك كە دەوترێت مەترسیدارترینە لە مێژووی ناوچەكە.
بەهۆی لافاوەكەی تكساسیشەوە تەرمی 24 كەس دۆزراونەتەوە و 23 كچیش كە لە كەمپێكی هاوینەدا پشوویان بەسەر دەبرد، تا ئێستا بێسەروشوێنن.
لە ویلایەتی كالیفۆڕنیاش سەدان كارمەندی ئاگركوژێنەوە بەرەنگاری گەورەترین ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان بوونەتەوە، لە كاتێكدا ترەمپ بودجەی ئەو دەزگا فیدراڵیانەی كەمكردووەتەوە كە بەشدارن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، لەوانەش خزمەتگوزاری دارستان و دەزگای بەڕێوەبردنی باری نائاسایی فیدراڵی.
بە هەمانشێوە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەك بەردەوام بوون لە هەوڵەكانیان بۆ كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكان لە دوورگەی گەشتیاری كریت لە یۆنان كە بەهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتوانی ناوچەكە راگوازران و ناوچەكەیان چۆڵكردووە.
ئاگرەكەی دورگەی كریت لە كاتێكدایە لە سەرەتای هاوینەوە شەپۆلێكی گەرمای بێوێنە كە دەوترێت ماوەی 60 ساڵە تۆمار نەكراوە، سەرتاسەری ئەوروپای گرتووەتەوە و لە هەندێك وڵات پلەكانی گەرما نزیك بوونەتەوە لە نیوەی پلەی كوڵان.
هەر بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دانیشووانی دوو شارۆچكەیان لە نێوان ویلایەتی ساكسۆنی و براندنبۆرگ گواستووەتەوە و تیمەكانی ئاگركوژێنەوەش بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەكان و هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنیان.
لە سوریاش ئاگر لە نزیك كۆشكی گەل لە رۆژئاوای دیمەشق و دەوروبەری شاری لازقیە كەوتەوە و دەیان گوند بەهۆیەوە چۆڵكران، بەتایبەتی ناوچەكانی قەستەڵ مەعف، كەساب، ئەلبەسیت، بەیت ئەلقەسیر.
بەپێی راپۆرتێكی ساڵی 2024ی خزمەتگوزاری گۆڕانی كەشوهەوای كۆپەرنیكۆسی یەكێتی ئەوروپاش، ئەوروپا ئەو كیشوەرەیە كە خێراترین گەرمبوونی زەوی بەخۆیەوە دەبینێت، پلەكانی گەرما دوو ئەوەندەی تێكڕای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو بەرزبوونەتەوە.