ئەمڕۆ 1ی تەممووز؛ یادی لەدایکبوونی بەشێکی زۆری عیراقییەکانە، کە چیرۆکەکەی بۆ 68 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی 1957دا، بە دیاریکراوی 68 ساڵ بەر لە ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی عیراق بڕیاریدا بە سەرژمێرییکردنی دانیشتووان بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ناویان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا تۆمارنەکراوە.

بەهۆی بارودۆخی عیراق لەو ساڵانەدا، بەشێکی زۆری خێزانەکان لە ماڵەوە منداڵیان ببوو و ناوی منداڵەکانیان چەند ساڵێک بوو تۆمار نەکردبوو، تەنانەت بەشێکی زۆریان بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان نەبوو.

بەشێکی خێزانەکان بەهۆی تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکانیان گرفتیان لە مامەڵەکانیاندا بۆ دروست دەبوو کاتێک دەگەیشتنە تەمەنی قوتابخانە، بەشێکی دیکەیان لە مامەڵەکانی دیکەی رۆژانەدا رووبەڕووی کێشە دەبوونەوە.

ئەوەی گرفت بوو لێرەدا ئەوە بوو، بەشێ زۆری ئەو خێزانانە بەهۆی تێپەڕینی کات بەسەر لەدایکبوونی منداڵەکانیاندا بە دیاریکراوی رۆژەکەیان بیرنەبوو، تەنانەت هەندێکیان ساڵەکەشیان بە تەواوی بیر نەمابوو.

زۆر جار لە گەورەکانی خێزان ئەوە بیستراوە کە وتوویەتی، "کچەکەم لە بەهاردا لەدایک بوو؛ کوڕەکەم رۆژێک لە دایکبوو کە بەفرێکی زۆر دەباری؛ کچەکەم ناوناوە رێزان چونکە لە پاییزدا لەدایکبوو" و دەیان چێرۆکی دیکەی هاوشێوە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکان لەو سەردەمەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە، هەندێک لە خێزانەکان بە مەبەست ناوی کوڕەکانیان تۆمار نەدەکرد بۆئەوەی لە تەمەنگی 18 ساڵیدا نەینێرن بۆ سەربازی.

باشترین بڕیار بۆ بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە لەو ساڵەدا ئەوە بوو، کە 1ی تەممووز بە رۆژی لەدایکبوونی ئەو کەسانە دیاریکرد کە بەرواری لەدایکبوونیان روون نەبوو.

 

بۆچی 1ی تەمموز؟

بەهۆی ئەوەی 1ی تەمموز بە تەواوەی نیوەی ساڵە و لەو رۆژەدا نیوەی یەکەمی ساڵەکە رۆیشتووە و دەست بە نیوەی دووەمی دەکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی منداڵەکان رێگەیان بدرێت بچنە خوێندنگە و مافی خوێندنی ئەو ساڵەیان لەدەست نەچێت.

 

روداوێکی سەرنجڕاکێش

1ی تەمموز بەدەر لەوەی یادی لەدایکبوونی بەشێکی زۆری عێراقییەکانە چیرۆکی سەرنجڕاکێشیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بەشێکیان راستن و بەشێکیشیان وەک گێڕانەوەیەکی گاڵتەوگەپ بۆ ئەو بەروارە رێکخراون، تەنانەت بووە بە وێردێکی سەر زمان و هەندێک جار دەوترێت: 1ی تەممووز یادی لەدایکبوونی ملیۆنان عیراقییە.

لە گێڕانەوە عیراقییەکاندا باس لەوەدەکەن، لە ساڵانی 90کاندا وەفدێکی عیراقی سەردانی شوێنێکیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرجەم ئەندامانی وەفدەکە لەسەر پاسپۆرتەکانیان نووسراوە لەدایکبووی 1ی تەمووزن، پاسپۆرتەکانیان بە ساختە دانراوە و رێگەیان نەدراوە لە فڕۆکەخانەوە بچنە ئەو شارەی سەردانیان کردووە، تاوەکو باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتەدا گرفتەکەی چارەسەر کردووە.