روسیا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل کە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر رابگرێت، دەشڵێت: چەندین زانای روسی لەوێ کار دەکەن.

ئەمڕۆ حەوت رۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا تێدەپەڕێت و ماوەی سێ رۆژیشە روسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەوەی بەشداری شەڕەکە نەکات.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی روسیا بۆ ئەمریکا، ئەمڕۆ رووی دەمی کردووەتە ئیسرائیل و هۆشداری دەداتێ لەوەی بۆردومانەکانی سەر دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر رابگرێت، کە ئەو کێڵگەیەیە تیایدا پیتاندنی یۆرانیۆمی لێ ئەنجام نادرێت بەڵکو وێستگەیەکی ئەتۆمییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ئەگەرچی پێشتر باڵیۆزخانەی روسیا لە ئێران باسی لەوەکرد، کە کارەکانی دامەزراوەی بوشەهر بەشێوەی ئاسایی بەردەوامە و هیچ مەترسییەک لەسەر دامەزراوەکە نییە، بەڵام فەرماندەیەکی سەربازی ئیسرائیلی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆردومانی دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر و ئەسفەهان و ناتانزیان کردووە.

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبییەوە و سود لەو سوتەمەنیانەی روسیا وەردەگرێت کە روسیا دوای ئەوەی ئێران بەکاریهێنا بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم، لێی وەردەگرێتەوە، هەر بۆیەش چەندین زانای روسی تێیدا کار دەکەن.

 

چی دەبێت ئەگەر هێرشەکان دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بپێکێت؟

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر کێڵگەیەکی وزەی ئەتۆمی ئێرانە، بیرۆکەی دروستکردنی دامەزراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شا محەمەد رەزا پەهلەوی، کیڵگەکە دەکەوێتە باشووری تاران و 11 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بوشەهرەوە دوورە و دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی خلیج، کە ئێران بە کەنداوی فارس ناوی دەبات.

ئێران لە ساڵی 1975دا بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەستی بە بونیادنانی کێڵگەکە کرد، بەڵام لە ساڵی 1979 و لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کارکردن لە کێڵگەکە راگیرا.

لە شەڕی 10 ساڵەی نێوان ئێران و عیراقدا کێڵگەکە چەندین جار بەر بۆردومان کەوتووە، کە دواتر لە ساڵی 1995دا ئێران لەگەڵ روسیا گرێبەستێکی 4 بۆ 6 ملیار دۆلاری ئەنجامدا بەمەبەستی تەواوکردنی دامەزراوەکە. لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە بەهۆی مەترسییەوە کارکردن لە کێڵگەکەدا راگیرا و لە هەمان ساڵدا دەست بە کارکرایەوە تێیدا، لە کۆتاییدا لە ساڵی 2011 کردنەوەی دامەزراوەکە راگەیەنرا.

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بە پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان لەژێر زەویدا بونیاد نەنراوە، بەڵکو لە بۆ کەڵک وەرگرتن وەک باڵەخانە نزیکەی 19 مەتری لەژێر زەوییەوەیە.

دامەزراوەی بوشەهر پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهانە و یۆرانیۆمی تێدا ناپیتێنرێت، بەڵکو بە سودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆم کارەبا و وزەی تێدا بەرهەمدەهێنرێت.

پێکانی دامەزراوەکە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەگەرێکی دوورە، چونکە تەقاندنەوەی دامەزراوەکە وەک تەقینەوەی چەکێکی ئەتۆمیی وایە کە وێرانکارییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەگەر شتێکی لەو جۆرە رووبدات و دامەزراوەکە بتەقێنرێتەوە، ئەوا بەهۆی ئەو تیشکانەی لێی دەردەچێت، بەنزیکەیی 50 کیلۆمەتری دەوری خۆی پیس دەکات و چیتر بە کەڵکی ژیان نامێنێت،  ئەوە جگە لەوەی دووهێندەی ئەو رووبەرە بە پاشماوەکانی پیس دەبێت و لەرێگای ئاو و هەواشەوە کاریگەرییەکەی دەگاتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان. هەر بۆیە بەئامانجگرتن و پێکانی ئەو دامەزراوەیە ئەگەرێکی لاوازە.

 

Iran's Bushehr Nuclear Plant