سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا باسی لە چەند دۆسێیەكی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی كردووە، بەتایبەتیش پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداد و ئامادەیی عیراقیشی دەربڕیووە بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریكا، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە داوای بكەن.

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی ئێن ئێن"ی عەرەبی، لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر رایگەیاند، نەبوونی یاسای نەوت و غاز هۆكاری ناكۆكییەكانی نێوان بەغداد و هەولێرە و دانووستانەكانیش لەنێوانیاندا بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش، كە بڕیارە 11ی مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، سەرۆك كۆماری عیراق وتی، هەڵبژاردنەكە لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و كار بۆ ئەوەش دەكەن، هەڵبژاردن بە بێگەردی و سەقامگیری بەڕێوەبچێت و ئاستی بەشداریكردن تێیدا بەرزبێت.

هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا، د.لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی گەنج لە كۆمەڵگەی عیراقیدا كرد و وتی، گەنجان 60%ی دانیشتووانی عیراق پێكدەهێنن و پێویستە پشتیوانییان بكرێت، بە تایبەتی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی و رۆڵیان پێبدرێت ببنە بەشێك لە چارەسەركردنی كێشەكان.

د.لەتیف رەشید لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق رایگەیاند، ئەو دۆسییە لەدانووستانەكانی نێوان بەغداد و واشنتۆن یەكلایی دەكرێتەوە، ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە باس لە بوونی گروپی چەكداری ئێرانی لە عیراقدا دەكەن.

سەرۆك كۆمار لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا باسی لە دۆسێی ئەمنی ناوخۆی عیراق و وڵاتانی دراوسێ كرد و وتی، كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەمنی سنوورەكان لەگەڵ توركیا و بوونی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە تایبەتی لەئێستادا كە پەكەكە كۆتایی بە خەباتی چەكداریی هێناوە.

د.لەتیف رەشید تیشكی خستەسەر دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئاماژەی بەوەكرد، لوتكەی عەرەبی لە رەوشی ئێسادا پێویستە، بە تایبەتی كە وڵاتانی عەرەبی بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنن، دیارترینیان هێرشەكانی سەر فەلەستین، جەختیشیكردەوە، ئیرادەیەكی راستەقینەی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە هەیە بۆ كۆتایی هێنان بە ئازارەكانی گەلی فەلەستین.

لە كۆتایی قسەكانیشدا، سەرۆك كۆمار ئامادەیی عیراقی نیشاندا، بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریكا، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە داوای بكەن.