کڵاوەی زێڕین... ئەو سیستمی بەرگرییەی کە رەنگە یاسای یارییەکان لە جیهاندا بگۆڕێت
یەحیا
٢١ی ئایاری ٢٠٢٥
كڵاوەی زێرین یاخود قوبەی زێرین ئەو سیستمە بەرگریەی ئەمریكایە بە وتەی وەزیری بەرگری ئەمریكا یاسای یارییەكان بە تەواوەتی لە جیهاندا دەگۆرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رۆژی سێشەممە لە وتارێكیدا لە ئۆفیسی ئۆڤاڵی كۆشكی سپی، رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەكاری دەكات بۆ دروستكردنی سیستمی كڵاوەی زێڕین، هەرچەندە چاودێران پێیان وایە جێبەجێكردنی كڵاوەی زێڕین ساڵانێكی زۆری دەوێت، چونكە بەرنامەكە روبەڕووی لێكۆڵینەوەی سیاسی و نادڵنیایی دەبێتەوە لەرووی بودجەوە.
بەڵام ترەمپ پێشبینیكردوە سیستەمەكە پێش كۆتاییهاتنی خولی سەرۆكایەتیەكەی لە ساڵی 2029دا بە تەواوی بكەوێتە كار.
كڵاوەی زێڕین، سیستمێكی بەرگریە كە بە وتەی ترەمپ، دەتوانێت مووشەكەكان ئاراستەكراوەكان تێكبشكێنێت تەنانەت ئەگەر لە بۆشایی ئاسمانیشەوە هەڵبدرێت.
ئەو سیستمە تێچووەكەی 175ملیار دۆلارە، یەكەم بەرنامەیە لە جۆری خۆیدا كە توانای جێگیركردنی چەكی ئەمریكی لە بۆشایی ئاسماندا هەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، ژەنەڕاڵ مایكل گیتلین، جێگری فەرماندەی ئێستای ئۆپەراسیۆنە بۆشاییەكان، بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیكردنی پێشكەوتنی پڕۆژەكە، ئاماژەی بەوەشكردووە، كەنەدا وتویەتی دەیەوێت بەشێك بێت لەو پرۆژەیە.
سیستمە پێشنیازكراوەكەی ترەمپ، دەتوانێت مووشەكەكان لە چوار قۆناغی سەرەكی هێرشێكردنی رابگرێت كە بریتین لە قۆناغی پێش هەڵدان، قۆناغە سەرەتاییەكانی دوای هەڵدان، قۆناغی فڕین، قۆناغی نزیكبونەوە لە ئامانجەكە.
بەڵام ئەوەی دیموكراتەكانی لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە نیگەرانكردووە، بەشداریكردنی كۆمپانیای سپەیس ئێكسە كە خاوەنەكەی ئیلۆن ماسكی هاوپەیمانی ترەمپە لە كڕینی بەشەكانی ئەو سیستەمە، كە بە وتەی ترەمپ سەرجەم پارچەكانی ئەو سیستمە لە ناوخۆی ئەمریكا دروستدەكرێت.
وشەی كڵاوەی زێڕین ئەمریكا لە سیستمی بەرگری كڵاوەی ئاسنی ئیسرائیلیەوە وەرگیراوە، كە ئەو وڵاتە لە هێرشە موشەكیەكان دەپارێزێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو پێشنیازەی ترەمپ چەند ڕۆژێك دوای ئەوە هات بۆ یەكەمجار واشنتۆن رایگەیاند، چین ئەگەری هەیە لە بۆشایی ئاسمانەوە بە مووشەكی نوێ و زۆر خێرا و وردبینی بەرز هێرش بكاتە سەر خاكی ئەمریكا.
دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریكاش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات لەوەی چین دەتوانێت لە ماوەی دە ساڵدا خاوەنی دەیان مووشەكی خولگەیی بێت كە بە سەری چەكی ئەتۆمیدا سەربكەوێت.
بەپێی ئامارەكانی دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریكا، چین دەتوانێت تا ساڵی 2030 نزیكەی 60 موشەكی خولگەیی لەو جۆرەی هەبێت، لەكاتێكدا روسیا دەتوانێت تا 12 موشەكی هەبێت.
هەواڵگری ئەمریكا ئەوەشی راگەیاندوە، ئەو جۆرە موشەكەی چین كە باسی لێوەدەكەن تا ئێستا بەس باسكراو بڕیاری كۆتایی لە بارەوە لە لایەن هیچ وڵاتێكەوە نەدراوە و تەنها وەك هەڕەشەك لە داهاتوو ماوەتەوە، بەڵام ترس لەم هەڕەشانە، تەنانەت ئەگەر هەڕەشەكانی داهاتووش بن، لەلایەن واشنتۆنەوە بە پلانێكی بەرگریی ، وەك كڵاوەی زێڕین، چارەسەر كراوە.
ئەو پرۆژەیەی ئەمریكا روسیا و چینی نیگەران كردوە وسەرۆكی هەردو وڵاتەكەش بە توندی رەتیانكردەوە و بە هۆكاری ناسەقامگیری لە جیهاندا وەسفیان كرد.