ساڵی 2025 خراپترین ساڵی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیایە
زاهیر
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
ساڵی 2025 خراپترین ساڵی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیایە، چونكە ژمارەیەكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان لەلایەن گەریلا و هەسەدەوە تێكشكێنراون. بۆ پڕكردنەوەی ئەو شكستەش كە توركیا تووشی بووە، لە ئێستادا دەستیكردووە بە دروستكردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانی نوێ بە ناوی "سوپەر شیمشەك".
دوای دوو ساڵ لە راگەیاندنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی بایراكدار لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە 2021وە خراوەتە خزمەتی سەربازی و لە ماوەی چوار ساڵدا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی كورد و رۆژنامەنوسان لە رێگەی ئەو فڕۆكەوە لە هەرێم و رۆژئاوا كراونەتە ئامانج.
بەڵام گۆڤاری فۆربێس-ی ئەمریكی، ساڵی 2025ی بە خراپترین ساڵی بایرەكداری ئاكنجی ناوهێناوە و لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە لە ئەمساڵ و كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، زۆرترین بایرەكدار لە كوردستان خراوەتەخوارە و تێكشكێنراون، هەروەها لە ئەفریقاش ژمارەیەك لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە لە لایەن گروپێكی چەكداریی مالی تێكشكێنراون.
بایرەكداری ئاكنجی كە توركیا بە بەشێك لە شكۆی بەرگریی خۆی دەزانێت، فۆربێس بە ڕوونی ئاماژەی بەوەكردووە، دوای شەش ساڵ لە دروستكردنی دەركەوتووە خاڵە لاوازەكانی كەوتووەتە دەست هێزە كوردییەكان و ژمارەیەكی زۆریان خراونەتەخوارەوە كە نرخەكانیان زیاترە لە چوار ملیۆن دۆلار.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو گۆڤارە ئەمریكییە، گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە و هێزەكانی سوریای دیموكرات – هەسەدە دەستیان بە چەك یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تایبەت كەوتووە یان دروستیان كردووە كە بووەتە بەڵا بۆ سەر فرۆكەی بێفڕۆكەوانی بایرەكدار.
توركیا تا ساڵی 2023 زیاتر لە 500 بایرەكداری ئاكنجی دروست كردووە و جەختی لەوە كردوەتەوە كە بەهێزترین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی وڵاتەكەیەتی كە هەناردەی ژمارەیەك وڵات كراوە، بەڵام تێكشانی ژمارەیەكی بەرچاویان ، جگە لە شكۆی تەكنەلۆژیا و بەرگریی توركیا، زیانی گەورەی ئابوریی جەنگی لێكەوتووەتەوە.
بۆ پڕكردنەوەی ئەو شكستەی تووشی بووە، پیشەسازیی وەزارەتی بەرگریی توركیا لە نوێترین هەنگاویدا دەستیكردووە بە دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نوێ بە ناوی "سوپەر شیمشەك" و رایگەیاند كە ئامانجەكانی بەسەركەوتویی پێكاوە.