پلانێكی پێشوەختی ئیسرائیل بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی غەززە ئاشكرا دەبێت
لاوان
٥ی نیسانی ٢٠٢٥
جارێكی تر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە چڕ دەبێتەوە و ئەمجارە، ئیسرائیل هەوڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی کەرتەکە دەدات، لە رووی سەربازیی و سیاسیشەوە.
راپۆڕتە رۆژنامەوانییەكان پلانێكی پێشوەختی ئیسرائیل بۆ بە تەواوی كۆنتڕۆڵكردنی غەززە ئاشكرا دەكەن، كە لەلایەن ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیلەوە ئامادەكراوە و لە ریشەوە رەوتی شەڕی غەززە دەگۆڕێت، بەو پێیەی ئیال زامیر فەرماندەیەكی تایبەتە بە پلانی هێرشبردن و تەنها باوەڕی بە بژاردەی سەربازیی هەیە، پلانەكەش تەنها بە نەمانی حەماس لە غەززە كۆتایی دێت.
پلانەكەی ئیسرائیل، بە هێرشێكی فراوانی زەمینی دەستپێدەكات و دواتر هەنگاو بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام و میحوەر و رێڕەوی ئەمنی دەنێت لە چەند شوێنێكی غەززە، هاوشێوەی سیناریۆی رێڕەوی فیلادیلفیا، ئەمەش رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ دابەشكردنی هەمیشەیی خاكی غەززە و سەپاندنی رەوشێكی نوێ لە شەڕەكە، كە هەر چارەسەرێكی سیاسی داهاتوو سەختر دەكات.
بەپێی پلانەكە، دابەشكردنی خاكی غەززە بەجۆرێك دەبێت، ئیسرائیل رەفەح لە خان یونس جیا دەكاتەوە و تەواوی پەیوەندییەكانیش لە نێوان باشوور و باكووری كەرتی غەززە دەبچڕێنێت.
لە پلانەكەدا ئاگربەست تەنها بۆ ئازادكردنی بارمتەكان ناوی هاتووە، ئەویش بەو مەرجەی نەبێتە هۆی وەستانی هەمیشەیی شەڕ، جەختیشكراوەتەوە لە بە تەواوی كۆنترۆڵكردنی غەززە لە رووی سەربازیی و سیاسی و جێبەجێكردنی پلانی پارتی راستڕەوەكانی ئیسرائیل، بۆ ئاوارەكردنی زۆرەملێی خەڵكی غەززە.
بەپێی لێكدانەوەی شیكەرەوە و شارەزایانی سەربازیش، پلانەكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ژمارەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل و لەلایەن زۆرینەوەی دامەزراوە باڵا حكومییەكانی ئیسرائیلیشەوە رەتكراوەتەوە، بەڵام ناتانتاهۆ سوورە لەسەر جێبەجێكردنی.
محەمەد میسری بەڕێوەبەری ناوەندیی فەلەستینی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوە ستراتیژییەكان دەڵێت، پلانەكەی ئیسرائیل تەنها پلانێكی سەربازیی نییە، بەڵكو پرۆژەیەكی سیاسی مەترسیدارە، كە بە داگیركاری دەستپێدەكات و دواتر سەقامگیری و لە كۆتاییشدا كۆنترۆڵكردنی پرسە مرۆییەكان، ئەمەش دەرفەت دەداتە ئیسرائیل بۆ كاتێكی زیاتر و بەبێ زیانێكی زۆر لە غەززەدا بمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری ناوەندیی فەلەستینی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوە ستراتیژییەكان پێی وایە، ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو تێڕوانینەی، بە هێرشی ئاسمانی بە یەكجاری ناتوانێت حەماس لەناوبەرێت، بۆیە دەیەوێت بە هێرشی زەمینی فراوان، ناوچەكانی غەززە قۆناغ بە قۆناغ لە حەماس پاكبكاتەوە.
ئاشكرابوونی ئەو پلانەی ئیسرائیل لەكاتێكدایە، لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە، لە غەززە زنجیرەیەك خۆپیشاندان و گردبوونەوەی مەدەنی دژی حەماس دەستیپێكردووە و داوای كۆتایی پێهێنانی حكومڕانی حەماس لە غەززە و شەڕی ئەو بزوتنەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل دەكرێت.