وورده‌ وورده‌ به‌ره‌وڕووی وه‌رزی سەرماوسۆڵه‌ ده‌بینه‌وه‌، ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا بەرمیلێک نه‌وتی سپی، نزیکەی 155 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ له‌ئێستادا كه‌هێشتا په‌ڵه‌ی نه‌داوه‌ و سه‌رما نه‌هاتووه‌‌، گەیشتووه‌ته‌ 320 هەزار دينار.

له‌ئێستادا هەواڵێکی نوێ هه‌یه‌. وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند بە فەرمانی سەرۆکوەزیران نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ خەڵکی هەرێم دەنێرێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمیش ڕایگەیاند ئەو نەوتەی بڕیاری ناردنی دراوە تەنیا 50 ملیۆن لیترە، و هەر لیترێک بە 250 دینار دەدرێت بە ماڵان؛ واتە بەرمیلێکی 200 لیتری بە 50 هەزار دینار. لەچاو نرخی بازاڕ ئەمە جیاوازییەکی گەورەیە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئەم بڕە دەگاتە کێ؟

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت ئەگەر بۆ هەر خێزانێک یەک بەرمیل دابین بکرێت، هەرێم پێویستی بە زیاتر لە 264 ملیۆن لیتر دەبێت. بەمەش ئەو 50 ملیۆنە تەنیا 18%ی پێویستییەکان پڕده‌کاتەوە. بە ژمارەیەکی سادە، 50 ملیۆن لیتر دەکاتە 250 هەزار بەرمیل، واتە بەرمیلێک بۆ 250 هەزار خێزان لە زیاتر لە 1.3 ملیۆن خێزانی هەرێم. ئەوانی دیکە، کە نزیکەی 1.07ملیۆن خێزانن، هێشتا چاوەڕێی نەوتەکەن.

خۆشبەختانە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 20 بؤ 25 هەزار دینار لە نرخی بەرمیلەکە کەمبووەتەوە، و پێشبینیش دەکرێت بە هاتنی نەوتەکەی بەغدا نرخی نەوت لە بازاڕی ڕەشی هەرێمدا زیاتر دابەزێت، بۆ 250 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک. فرۆشیارێکی سووتەمەنیش دەڵێت لە بۆرسە نرخەکە دابەزیوە بۆ نزیکەی 280 هەزار، بەڵام لە بازاڕدا هێشتا هەر نزیکەی 320 هەزارە. هەروەها ئەگەر نرخەکە بە 250 هەزاریش بێت، جیاوازییەکە لەگەڵ نرخی حکومەت هەر نزیکەی 214 ملیار دینار دەبێت؛ واتە نرخی بازاڕ هێشتا پێنج هێندەی نرخی حکومەتە.

با لە ماڵێکی مووچەخۆردا بیری لێ بکەینەوە. مووچە تەنیا سەرچاوەیە، به‌دڵنیاییه‌وه‌ کارەبا بەهۆی گرانیی کرێکەیەوە جێگرەوە نییە، و بەرمیلێک نەوتیش بە نزیکەی 300 هەزار دینار دەکڕدرێت. بۆیە دەبێت لە شتێکی تر واز بهێنێت: لە خۆراک، لە جلوبەرگ، یان لە پێداویستییەکانى منداڵەکان. لە گوندەکان و ناوچه‌دووره‌ده‌سته‌كانیش، خەڵک بە ناچاری و دزییەوە دار دەبڕنەوە، هەرچەندە دەزانن زیانی بۆ ژینگە هەیە!

دابەشکردنیش پرسیارێکی دیکەیە. وەزارەت دەڵێت لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزای شارەکانەوە بە «میکانیزمێکی گونجاو» دابەشی دەکات، بەڵام نەیگوتووە ئەو میکانیزمە چییە و کێ پێش دەکەوێت. ئەمە گرنگە، چونکە ساڵی ڕابردوو تەنیا نزیکەی 135 ملیۆن لیتر گەیشتە نزیکەی 674 هەزار خێزان، واتە نزیکەی نیوەی خێزانەکان بێبەش بوون. ئەوانەی وەریانگرت زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری شارەکان بوون، و دانیشتووی ناو شارەکان بە ناچاری و بە نرخی زیاتر لە بازاڕی ئازاد کڕییان. ئەگەر ئەمساڵیش بڕەکە کەم بێت و میکانیزمەکە ڕوون نەبێت، هەمان بێبەشبوون دووبارە دەبێتەوە.

لە ناو ئەم قەیرانەدا، گومانێکیش هەیە کە دەبێت باسی بکرێت. هەندێک پێیان وایە سستی یان دابەشنەکردنی نەوتی سپی لە کاتی خۆیدا پەیوەندی بە هەوڵێکی ئەنقەستەوە هەیە بۆ ناچارکردنی هاوڵاتییان بە پەنابردن بۆ ئامێرە کارەباییەکان وەک گەرمکەرەوە. بەپێی ئەم گومانە، ئامانجەکە زیادکردنی بەکارهێنانی کارەبایە و دەستەبەرکردنی داهاتێکی گەورەیە بۆ پڕۆژەی (ڕووناکی). ئەم گومانە لای ئەوانە چڕتر دەبێتەوە کە بە وتەی چاودێران، داهاتی ئەم پڕۆژەیە بە تەواوی بۆ گەنجینەی دەوڵەت و وەزارەتی دارایی ناگەڕێتەوە، کە ئەمەش نیشانەی پرسیار لەسەر شەفافیەت و یەکسانی دەخاتەڕوو.

ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە سەر ئەو پرسیارەی کە دەبێت بپرسین: ئایا کێشەکە بڕی نەوتە؟ بەپێی سەرژمێریی 2024 و ژمارەکانی وەزارەتیش، پێداویستیی هەرێم ژمارەیەکی مەحاڵ نییە. ساڵانی ڕابردوو حکومەتی هەرێم خۆی نەوتی سپی دابەش دەکرد و بە هەر خێزانێک بەرمیلێکی 200 لیتری بە 104 هەزار دینار دەدا. لە ساڵی 2024 زیاتر لە 234 ملیۆن لیتری بەسەر زیاتر لە 1.215 ملیۆن خێزاندا دابەشکرد. بەڵام ماوەی دوو ساڵە حکومەتی هەرێم خۆی لە دابەشکردنی نەوت بێدەنگ کردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکات بەغدا نەوت بنێرێت، لە کاتێکدا بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، عێراق ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی هەرێم دەداتەوە بە حکومەتی هەرێم بۆ پاڵاوتنی ناوخۆیی و بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و بەنزین و گازوایل. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: بەشی نەوتی سپی لەو بڕە ڕۆژانەیە بۆ کوێ دەچێت؟

بۆیە ئەوەی پێویستە داوا بکرێت چوار شتی سادەیە: پلانێکی ڕاگەیەندراو پێش هاتنی وەرزی سەرما کە ڕوون بکاتەوە ئەو 50 ملیۆنە چۆن و بۆ کێ دابەش دەکرێت؛ دابەشکردنێکی یەکسان بۆ هەموو خێزانەکان، نەک تەنیا ناوچە شاخاوییەکان؛ بڵاوکردنەوەی تێچووی نەوت و ڕوونکردنەوەی بەشی نەوتی سپی لە نەوتی خاوی گەڕاوە؛ و ڕێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ بەغدا بۆ ناردنی وەجبەی دووەم و سێیەم. وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنی ناردنی وەجبەی دیکەی داوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت هەوڵ دەدات بڕەکە زیاد بکات؛ بەڵام بەڵێن بە بێ کات و بڕی دیاریکراو دڵنیایی ناداتە ماڵێک کە سەرما لە دەرگای دەدات.

سەرما چاوەڕێی بڕیاری سیاسی ناکات. 50 ملیۆن لیتر هەنگاوێکی باشە، بەڵام ئەگەر تەنیا %18ی پێویستی پڕبکاتەوە، پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: 82%ی ماڵەکان، کێ بارگرانییەکەیان هەڵدەگرێت؟