سەرۆك مام جەلال ئەو گەنجینە فرە رەهەندەی ، کە هەمیشە پێویستمان پێیەتی
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
9
راستە وا نۆ ساڵە سەرۆك مامجەلالی مەزن بە جەستە لە ناوماندا نییە ، بەڵام لە ماوەی ئەم نۆساڵەدا هەمو پێشهات و روداوەکان ،پێگە سەنگینەکەی خەباتی شەست و پێنج ساڵەی مامجەلالی مەزنمان زیاتر لا بەرجەستە دەکات . پێگەیەك کە فاکتەری هاوسەنگیی سیاسیی ، دیپلۆماتیی ، پێکەوە ژیان ، کۆمەڵایەتیی و ئاینییە .
هەر بوارێکی کە پەیوەست بێت بە بارودۆخی خەبات و ئەمڕۆی عێراق و ناوچەکە و کوردستان و بمانەوێت لە بارەیەوە بدوێین ، پێویستمان بە پیاچونەوەیەکە بە وتار و لێدوانەکانی سەرۆك مامجەلال تا بزانین دەربارەی هەر روداو و مەسەلەیەك روانین و جیهان بینیی بەڕێزیان چۆن بوە ؟! یاخود هەڤاڵەکانی لە ناو (ی،ن،ك) و هاوخەباتەکانی لە حزبەکانی تردا چ عێراقیی چ کوردستانیی یا عەرەبیی و ناوچەیی چۆن باسی حیکمەتی مام دەکەن بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکان و مەسەلە ئاڵۆزەکان ؟.
بۆچی دەڵێین سەرۆك مامجەلال گەنجینەی فرە ڕەهەندە ؟، چونکە هەرگیز خۆی پابەند نەکردوە بە یەك ریتمی خەبات و یەك شێوازی رێگە چارەکان ، هەمیشە بە بیرکردنەوەی فراوانترەوە مامەڵەی لەگەڵ رەوتی روداوەکاندا کردوە. بەردەوامیش باوەڕی بەو پرەنسیبە بوە کە هەر بڕیاردانێك پەیوەستە بەو کات و ساتەی کە تیادا دەژین ، لەو بارەیەشەوە ئەو گۆتە باوەی بە نمونە دەهێنایەوە کە “ قاپوت و جلی ئەستور لە هاویندا لەبەر ناکرێن “ .
ئەمڕۆ تەنیا روناکیی دەخەینە سەر یەکێك لە شێوازەکانی خەبات کە سەرۆك مامجەلال تیایدا تاکە شارەزا و قاڵبوی ئەو شێوازەی خەبات بوە.
کاتێك (ی،ن،ك) بە نیاز بو خەباتی چەکدار دەست پێ بکات ، سەرباری پەیوەندییە بەرفراوانە هەمە جۆرەکەی بەڕێزیان بە پارت و کەسایەتییە سیاسییەناودارەکانی جیهان، پەی بەو راستییەش برد کە لەو هەلومەرجە هەرە ناسك و ناهەموارەدا سەرباری پشتیوانیی جەماوەرەکەی خۆمان ، پێویست دەکات دەنگێکیش هەبێت لە دەرەوەی چوارچێوە داخراوەکەی ئەوسای ناوچەکە ئەم هەواڵە بڵاو بکاتەوە تا هەموان پەی بەو راستییە ببەن کەشۆڕش و بەرەنگاریی گەلێکی ستەم لێکراوی وەك کورد تەنیا پەیوەست نییە بە ژمارەی پێشمەرگە و جبەخانەی سەربازیی ، بەڵکو شۆڕشی کوردستان واقیع کردە و پرۆسەیەکی سیاسییە . بۆ ئەو مەسەلەیە کاتێك رۆژنامەنوسی بە ناوبانگی ئینگلیزیی سەردانی دەکات لە شام لە هۆتێل (ئوممەیە) ، پێی رادەگەیەنێت کە لە یادی یەکەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی (ی،ن،ك)دا شۆڕش هەڵدەگیرسێتەوە . واتە سەرۆك مامجەلال جیهانی دەرەوەی بەگرنگ زانیوە بۆ ئاشنا بون بە مەسەلەی رەوای گەلەکەمان و شۆڕشە هەق خوازەکەی کە ئەوەش لەرێی رۆژنامەگەریی پێشکەوتوی دەرەوە زەمینە خۆش دەکات بۆ نزیکبونەوەی زیاتری کەناڵە دیپلۆماتییەکان لە شۆڕش . تا گەیشتە ئەمڕۆژە گەشەی کە ئێستا نەك هەر (ی،ن،ك) بەڵکو کورد و کوردستانیش پێگەیەکی سەنگینیان هەیە لە نێو ناوەندە بڕیاردەرەکانی ناوچەکە
و جیهان . خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زۆر پێشتر ، ئەوا پەی بەو راستییە دەبەین کە سەرۆك مامجەلال هەر زو لە ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ، لە خەمی گەیاندنی دەنگی رەوای کورد و ناساندنی مەسەلەکەی بوە بە هێزە سیاسییەکانی تری عێراق و ناوچەکە و جیهان .بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سباع لە بەغداد ساڵی ١٩٤٨، دواتریش سەردانی پۆلۆنیا و یەکێتی سۆڤیەت و چین و بەشداریکردنی لە میهرەجانی جەوانان و خوێندکارانی جیهان لە ساڵی ١٩٥٥ دا نمونەیەکی زیندون بۆ ئەم بیر کردنەوە ژیرانەیەی سەرۆك مامجەلال بۆ سەرنج راکێشانی گەلان و حزب و حکومەتەکانی ناوچەکە و جیهان بۆ لای کورد و پشتیوانی کردنی خەباتە رەواکەی . دیارە لەم بوارەشدا بەڕێزیان سەرکەوتنی گرنگی بەدەستهێناوە تا گەلی کوردستان هەر خۆی و چیاکان بە تەنیا دۆستی یەکتر نەبن ، بەڵکو ناوچەکە و جیهانی دەرەوەش دۆستیان بن .
دیارە بۆ زیاتر لێدوان یا توێژینەوە یاخود قسە کردن لەسەر گەنجینەی فرە رەهەندیی سەرۆك مامجەلال سەدان کتێبخانەی گەورە پێویستە ، چونکە هەر گۆشە و وێستگەیەکی ئەم رابەرە مەزنە پڕە لە وانەی گرنگ کە نەوەکان چەندی لێ بکەنە رێنما و رێپیشاندەری خۆیان هەر تەواو نابن .
سەرۆك مامجەلال لە پەیوەندییەکاندا هەمیشە بەپەرۆشەوە گرنگیی پاراستنی هاوسەنگیی دوپاتکردوەتەوە کە دۆستایەتیی بە چاوی کلکایەتیی و هاوپەیمانێتی بە چاوی پاشکۆیەتیی سەیر نەکرێت ، واتە مانەوەی سەربەخۆیی بڕیار وەك خۆی ،ئەوەش ئەو سیاسەتە نەگۆڕە یە کە ئێستاش (ی،ن،ك) دەستی پێوە گرتوە .
لەسەردەمی خەباتی چەکداردا لەو کاتەی (ی،ن،ك) پەیوەندیی بەهێزی هەبوە لەگەڵ حکومەتی سوریادا ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکانی کوردی سوریا زیاتر قوڵکردوەتەوە بۆ برەودان بە خەباتی هاوبەش . لەو کاتەشی لە سەردەمی خەباتی شاخدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پەیوەندییەکانی ئاسایی بوەوە ، پەیوەندییەکان لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە و هێزە رەسەنەکانی تردا بەهێز تر بو ، بگرە زۆر جار رۆڵی بینیوە بۆ تێگەیاندنی کاربەدەستانی ئێران کە شۆڕشەکەی خەڵکی کوردستانی ئێرانیش مێژو کردە .بە شارەزاییە دیپلۆماتییە بێ وێنەکەی سەرۆك مامجەلال ، ئەو پەیوەندییانە دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەك هەر وەك خۆیان مانەوە، بەڵکو پاراستنیشیان زامن کرا .سەرباری ئەوەی (ی،ن،ك) و هاوپەیمانە پارتی یەکەی فەرمانڕەوایەتیی ئەم هەرێمەیان دەکرد ، واتە لە قۆناغی شۆڕشگێڕیتی چەکدارەوە چوبونە قۆناغی دەوڵەتداریی ، کەچی پەیوەندییەکان نەپچڕان، بە جۆرێکی قانونیی رێکخران . ئەو پەیوەندییانە بە جۆرێك پارێزراو بون تەنانەت لەو کاتەی سەرۆك کۆماریش بو هەوڵی بێ وچانی بەردەوام بو بۆ ئەوەی لەرێی رێکارییە دەستورییەکانی عێراقەوە ئارامیی ئەو پارتە سیاسییانە تێك نەچێت .تەنانەت چەندین جار ئەو کەناڵە دیپلۆماتییەی دەکردە دەریچەیەك بۆ رزگارکردنی چەندین کوردی ئێران لە حوکمی لەسێدارەدان .
هەر ئەو کەناڵە دیپلۆماتییەی کە سەرۆك مامجەلال شارەزای بو ، فاکتەری یەکەمین بەرەسمی ناسینی مەسەلەی کورد بو لە تورکیادا ، بەمەش دەرفەتی باش رەخسا بۆ گفتوگۆی نێوان کورد و حکومەتەکانی ئانکارا هەر لە ئۆزالەوە تا ئەردۆگان .
دیارە سەرۆك مامجەلال لە خەباتی ئۆپۆزیسیۆنیشدا لە نێو هێزە کوردستانییەکان و عێراقییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی ململانێ و کێشەکان ، کەناڵە دیپلۆماتییەکانی فەرامۆش نەکردوە، ی تەواوی هەوڵەکانی لەو پێناوەدا بوە کە هیچ ململانێ یەك نەگاتە بەکارهێنانی چەك . بە هەمان کەناڵ و شێوازی دیپلۆماتییش سەرۆك مامجەلال رۆڵی خۆی بینی لە بنیاتنانەوەی عێراقی دوای سەدام ، هەر بۆیە ئایەتوڵا عوزما سەید عەلی سیستانی بە (صمام الامان)ی عێراقی ناساند ، سەرۆکی ئەمریکاش ئۆباما بە جۆرج واشنتن ی عێراقی ناوزەد کرد .
ئەو باوەڕ بونەی سەرۆك مامجەلال بە دیپلۆماتیی لە نێو گەنجینەی روانین و جیهان بینییەکانیە پراگماتییەکانیدا لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە سیاسەت هونەری بەدیهێنانی ویستەکانە بەوەی سازش و مانۆڕ لە خۆ دەگرێت لەو کاتانەی کە نەرم و نیانیی و دورکەوتنەوە لە پێداگریی دەستەبەر دەبێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان . هەر بەو گیانەش توانی سەرۆکایەتیی عێراق بکات .
سەرۆك مامجەلال هەمیشە پەی بەو راستییە بردوە کە سەرکەوتن ، بەسەر لایەنی ناکۆكدا هەر بە زەبری هێز نییە ، بەڵکو لە دان بەخۆدا گرتن بۆ رێگرتن لە کارەسات و جەنگەوە بەدی دێت. ئەو پڕەنسیبەشی لەو رووەوە پەیڕەو کردوە کە دەبێت سەرکردە و رابەرەکان زۆر بە باشی لە مەترسییەکانی ئاگری جەنگ تێ بگەن ، هەر بۆیە لە هەمو سەردەم و قۆناغەکاندا دەرگای دیالۆگی کراوە بو ، لە پێناوی ئاشتیی و ئۆقرەییدا کە ئەوەش بێ گومان کاردانەوە و رەنگدانەوەی سەرەکیی دەبێت بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشچونی وڵات لە هەمو بوارەکان و ، زامنکردنی خۆشگوزەرانیی سەرفرازیی کۆمەڵانی خەڵك .





