وڵاتی نێوان دوو رووبارەکە«عێراق» ، ئەو وڵاتەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە لەنێو زۆنگاوی گەندەڵی و ململانێ سیاسییەکاندا دێت و دەچێت، لەم چەند رۆژەدا سەکۆی شانۆگەریەکەی وەرچەرخانێکی کەم وێنە بەخۆیەوە دەبینێت لە ڕووی سەرکردایەتییەوە. 
هاتنەپێشەوەی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانێکی گەنج و خاوەن دیدگایەکی جیاواز، سەرنجی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ڕاکێشاوە، ئەو نەک تەنیا لە ڕووی تەمەنەوە، بەڵکو لە ڕووی ڕەفتار و دروشمەکانیشەوە خۆی وەک کارەکتەرێکی جیاواز و کاریگەر لە سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی نیشان دەدات.

پەیامێکی توند بۆ گەندەڵکاران "تەنانەت بۆینباخێکیش قبوڵ ناکەم"

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کردەوەکانی دوای  دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی، ڕاگەیاندنی پرەنسیپە توندەکانی بوو لەسەر ئاستی کەسی، زەیدی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە مووچەی سەرۆکایەتی وەزیران کە مافی شەرعی و یاسایی خۆیەتی وەرناگرێت و دەرگای بەخشین و دیارییەکانی بە تەواوی داخستووە، کاتێک وتی: «هیچ دیارییەک قبوڵ ناکەم، تەنانەت ئەگەر تەنیا بۆینباخێکیش بێت».
ئەم هەنگاوە، ئەگەرچی هێمایەکی ڕەمزییە، بەڵام پەیامێکی توند و بەهێزە بۆ شەقامی عێراقی کە تینووی دادپەروەرییە، ئەو دەیەوێت بیسەلمێنێت کە پرۆسەی چاکسازی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەست پێدەکات، نەک لە خوارەوە «رەفتارەکانی ئەم چەند رۆژەی وامان پێدەڵێت».

ئۆپراسیۆنی ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی : قۆناغی بوژانەوەی ئابووری ئەگەر سەرکەوتوو بێت !

ئەو ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی کە زەیدی بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەستی پێکردووە،وادەردەکەوێت تەنیا مانۆڕێکی سیاسی و ئەمنی چەند رۆژە نەبێت، بەڵکو پێویستییەکی ژیانی و هەنوکەییە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە داڕمانی تەواوی ئابووری، بۆ چەندین دەیە، سامانی گشتی ئەم وڵاتە لە ڕێگەی گەندەڵی و گرێبەستی نادیار و وەهمی، قاچاخچێتی و سیستمی پشکپشکێنەوە بەهەدەر براوە.
ئەم پرۆسە چاکسازییە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە: وەک کاڵکردنەوە و  کەمکردنەوەی نادادپەروەری و گەڕانەوەی متمانە : سنورێک بۆ نادادپەردوەری دەڕەخسێنێت، ساڵانێکە دۆخەکە بەو جۆرەیە خەڵکانێک بەهۆی گەندەڵی یاری بە پارە دەکەن و خەڵکانێکش نانی ژەمێک نیە بیخۆن لە سەر ئەو خاکەی  پڕە لە پارەو سامانی سروشتی ، پاراستنی سامانی نیشتمانی: ڕێگری لە بەهەدەردانی داهاتی نەوت دەکات و ئاڕاستەی پەرەپێدانی سێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و پیشەسازی دەکرێت، کەمکردنەوەی بێکاری  : لە ڕێگەی دروستکردنی ئابوورییەکی شەفافەوە، هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ گەنجان دەڕەخسێت، گێڕانەوەی متمانەی نێودەوڵەتی: ڕێگریکردن لە گەندەڵی، دەرگای وەبەرهێنانی بیانی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە عێراق بۆ بووژانەوەی ژێرخانەکەی پێویستی پێیەتی و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە .

ئایا زەیدی سەرکەوتوو دەبێت؟ 

پرسیاری هەرە گرنگ لە شەقامی عێراقیدا ئەوەیە ئایا ئەم سەرۆک وەزیرانە گەنجە تا چەند دەتوانێت لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بێت؟
لایەنە ئەرێنییەکان (دەرفەتەکان): ئەوەی دەبینرێت زەیدی تادەیەکی زۆر پاڵپشتییەکی گەورەی شەقامی عێراقی و نەوەی نوێی و تەنانەت مەرجەعی باڵاو بەشێک لە سەرکردە دیارو باڵاکانی لەپشتە، هەروەها دۆخی نێودەوڵەتیش لەبەرژەوەندی سەقامگیری عێراقدایە، نیشاندانی توندیی لە بڕیارەکاندا دەتوانێت ترس بخاتە دڵی گەندەڵکاران کە ساڵانێکە بێ سڵەمینەوە داهاتی وڵات دەدۆشن .
کۆسپ و ئاڵەنگارییەکان: گەندەڵی لە عێراقدا تەنیا ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو سیستمێکی ریشەیی قووڵ و ڕێکخراوە کە لەلایەن پارتە سیاسییە باڵادەستەکان و گروپە چەکدارەکانەوە دەپارێزرێت، کاتێک ئۆپراسیۆنەکانی زەیدی بگەنە "ماسییە گەورەکان"، ئەو کاتە ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی توندی سیاسی و ئەمنی دەبێتەوە، بەرای من رشدی و هێزی زەیدی لەم کاتەدا دەردەکەوێت تا چەند تۆڕەکەی تواناو بوێری ئەوەی هەیە ماسییە گەورەکانیش راوبکات نەک بەتەنیا ماسییە بچوکەکان ببن بە تۆڕەکەیەوە.

لەم پڕۆسەیەدا تەنانەت ئەگەر کاتی و رووکەش و ئامانج دایش بێت بۆ ریشە کێشکردنی ململانیەی سیاسی جەمسەرەکان ، عەلی زەیدی هیوایەکی نوێی بەخشیوەتە وڵاتێک کە ساڵانێکە لەناو نائومێدیدا دەژی، سەرکەوتنی ئەو بەندە بەوەی کە تا چەند دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان دادپەروەری لە چاکسازییەکانیدا و مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی سیاسی ئاڵۆزی عێراقدا بکات، ئەگەر زەیدی سەرکەوتوو بێت، گومانی تێدا نیە عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن هەنگاو دەنێت، بە پێچەوانەشەوە، شکستی ئەم پڕۆژەیە لەوانەیە دوا بزمار بێت لە تابووتی ئابووری و سەقامگیری وڵاتدا، تاقیبوونەوەکە قورسە، بەڵام بژاردەی تەنیا پێشڕەویکردنە.