هەندێک قۆناغ هەن، لە تەمەنی نەتەوەکاندا تەنها بەشێک لە مێژوو نین، بەڵکوو ئەو چرکەساتانەن کە ئاراستەی داهاتوو دیاری دەکەن. لەو ساتانەدا، ڕووداوەکان گرنگن، بەڵام بڕیارەکان چارەنووسسازن؛ هێز کاریگەرە، بەڵام متمانە بناغەی هەر هێزێکە. مێژوو بەڕوونی سەلماندوویەتی کە هیچ قەوارەیەک تەنها بە سنوور، سامان یان هێزی چەکداری نامێنێتەوە؛ ئەوەی دەوڵەت و نەتەوەکانیان پاراستووە، متمانەی نێوان هاووڵاتی، دامەزراوە و دەسەڵات بووە. کاتێک ئەو پەیوەندییە بشکێت، ڕووخان لە ناوەوە دەست پێدەکات، پێش ئەوەی مەترسیی دەرەکی دەربکەوێت.

هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە. ئەوەی لەبەردەمماندایە تەنها قەیرانێکی سیاسی، ئابووری یان کارگێڕی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی متمانەیە. ئەگەر متمانە لاواز بێت، باشترین یاساکانیش کاریگەریی خۆیان لەدەست دەدەن، دامەزراوەکان بێ گیان دەبن و هاووڵاتی هەست بە هاوبەشیی نیشتمانی ناکات، بەڵام ئەگەر متمانە بونیات بنرێتەوە، تەنانەت قەیرانە گەورەکانیش دەکرێت بگۆڕدرێن بە دەرفەتی چاکسازی.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، متمانە گرانبەهاترین سەرمایەی ستراتیژییە. ئەو وڵاتانەی باوەڕی هاووڵاتیان بە یاسا و داد و دامەزراوەکان پاراستووە، لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانیشدا سەقامگیرییان پاراستووە. بەپێچەوانەوە، ئەو دەوڵەتانەی متمانەیان لەدەست داوە، هەرچەند سامان و هێزیان زۆر بووە، هێواش هێواش لە ناوەوە لاواز بوون و توانای بەرگرییان کەم بووەتەوە.

دانایان دەڵێن: «مێژوو ڕووداوەکان دووبارە دەکاتەوە؛ جارێک بە تراژیدیا و جارێک بە گاڵتەجاڕی!» بەڵام لە پشت ئەم وتەیەدا ڕاستییەکی قووڵ هەیە: زۆربەی نەتەوەکان پێش ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا شکست بخۆن، لە مەیدانی متمانەدا دەڕووخێن. کاتێک هاووڵاتی باوەڕی بە دادپەروەری و یەکسانی و بەرپرسیارێتی نامێنێت، هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە.

لەبەر ئەوە، ئەرکی هێزە سیاسییەکانی هەرێم، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ، تەنها بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی نییە، بەڵکوو پاراستنی قەوارەی هەرێم و نوێکردنەوەی متمانەی گشتییە. ئەو ئامانجە بە دروشم و وتار بەدەست نایەت، بەڵکوو بە سەروەربوونی یاسا، دامەزراوەی بەهێز، شەفافییەت، دادپەروەری، دابەشکردنی یەکسانی دەسەڵات و سامان و دانانی بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی ترەوە دەستەبەر دەبێت. هەرێم پێویستی بە پەیماننامەیەکی نوێی نیشتمانی هەیە؛ پەیمانێک کە بناغەی مانەوەی قەوارەکە بێت، نە چارەسەری کاتیی قەیرانەکان.

ئەمڕۆ دوو ڕێگا لە بەردەم هێزە سیاسییەکانی هەرێم کراونەتەوە: یەکەم، بەردەوامبوون لە ململانێ، دابەشبوون و لاوازکردنی دامەزراوەکان؛ ڕێگایەک کە کۆتاییەکەی گەورەکردنی قەیرانەکەیە. دووەم، هەڵبژاردنی متمانە، هاوبەشیی نیشتمانی، چاکسازی و دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەکان؛ ڕێگایەک کە دەتوانێت هەرێم لە قۆناغی بەرگرییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی پەرەپێدان.

مێژوو بڕیار لەجیاتی کەس نادات، بەڵکوو بڕیارەکانی ئەمڕۆمان دەکاتە چارەنووسی سبەینێ. پرسیارەکە ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان چۆن لەم قەیرانە دەربچێت؛ پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ئایا هێزە سیاسییەکان ئازایەتیی هەڵبژاردنی متمانەیان هەیە؟ چونکە هەر قەوارەیەک متمانەی هاووڵاتیی خۆی لە دەست بدات، هێواش هێواش بناغەی خۆی لە دەست دەدات و بنکۆڵ دەبێ و لەناکاو هەرەس دەبا!

بێگوومان، لە هەموو  وەرچەرخانێکی مێژووییدا، ئەوەی دەمێنێتەوە نە ژمارەی چەکەکانە، نە بەرزیی قەڵاکانە و نە درێژیی تەمەنی دەسەڵاتەکانە؛ ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو متمانەیەیە کە نەتەوەیەک لەنێوان خۆی و دامەزراوەکانی خۆیدا دروستی کردووە. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە نێوان متمانە و مەترسیدا وەستاوە؛ ئەو هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ دەکرێت، تەنها چارەنووسی ئەم قۆناغە دیاری ناکات، بەڵکوو بەشێک لە مێژووی نەوەکانی داهاتووش دادەڕێژێ و دەینووسێتەوە.