وەرچەرخانێكی مێژووی لە ھەرێم
٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
23
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. لە قۆناغێکداین کە پێویستە بە دیدێکی نوێوە لە پرۆسەی حوکمڕانی بڕوانین و کۆتایی بەو مۆدێلە بهێنین کە تێیدا دەسەڵات لە خزمەتی تاکڕەویدایە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن مێژوو و قوربانی، ئەمڕۆ لەسەر بنەمای پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەییانە بە ڕابردوو و تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ داهاتوو، دەیەوێت ببێتە چەترێک بۆ هەموو ئەو دەنگ و هێزانەی کە باوەڕیان بە فرەیی و دادپەروەری هەیە. لەم سۆنگەیەوە، ئەم ڕێککەوتنەی یەکێتیی نیشتیمانی و نەوەی نوێ، هەوڵێکە بۆ تەرجەمەکردنی ئەم ئاراستە نوێیەی یەکێتی.
یەکێتی چیتر تەنها وەک هێزێکی دێرین و تەقلیدی مامەڵە ناکات، بەڵکو وەک قەوارەیەکی زیندوو خۆی نوێ دەکاتەوە، بیر دەکاتەوە، ڕاوێژ دەکات، ئینجا هەنگاو دەنێت. دیدگای یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە لە خواستی شەقامەوە سەرچاوەی گرتووە، پێداگری لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی دەکات، پێ لەسەر هاوبەشیی ڕاستیەقینە دادەگرێت، خەبات بۆ ئەوە دەکات، دام و دەزگای دەوڵەتی وەکو پشکەگۆشت بەسەر یاراندا دابەش نەکرێت و ئەوانی تر بێبەش بکرێن، ئەم ئەزموونە هیی هەمووانە، دەبێ بەو چاوەوە سەیر بکرێت.
بۆیە یەکێتی دەیەوێ نەترسانە و بوێرانە لە هەموو ئەو هێزانەی ڕەخنەیان هەبووە، نزیک بێتەوە. ئەوان خاوەن ئەزموونێکی مەدەنی و جەماوەریی گرنگن. کاتێک ئەم ئەزموونە لەگەڵ هێزی دەوڵەتداری و پێگەی یەکێتی یەک دەگرێتەوە، هاوکێشەیەکی نوێ دروست دەبێت کە دەتوانێت دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی باشتر ببات.
ئێستا یەکێتی خەریکە دەبێتە سەکۆیەک، دەبێتە پلاتفۆڕمێک بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت کوردستان لە قۆرخکاری و بێدادی دەرباز بکەن.
لەم چرکەساتەدا یەکێتی بەتەنیا حیزب نییە، ناشیەوێ بەتەنیا حیزبێک بێت، بەڵکو تەرزێکە لە بیرکردنەوە، مۆدێلێکە بۆ سیاسەتکردن و دەیەوێ هەموو ئەو هێزانە لە خۆ بگرێت، یان نزیکایەتییان لەگەڵدا بکات لە دۆخە تایبەتیەکاندا، کە بەشێکن لە زیندووڕاگرتنی پرۆسەی دیموکراسی و فرەیی، دژ بە قۆرخکاری و داگیرکردنی دەزگاکانی حوکمڕانی لە هەرێم.
خەباتی نوێی یەکێتی، چیتر تەنیا بۆ پاراستنی دەستکەوتە کۆنەکان نییە، بەڵکو خەباتە بۆ چاکسازیی ڕیشەیی. ئەم خەباتە پێویستی بە هاوبەشیی هەموو ئەو هێزانەیە کە لە ڕابردوودا بەردەوام بەدوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بوون.
دادپەروەری بۆ ئەم قۆناغەی یەکێتی نەک هەر ستراتیژە، بەڵکو ئەجێندایە و بەرەی هاوبەشی بۆ درووست دەکات. یەکێتی بە حوکمی پێگە مێژووییەکەی دەیەوێ چەتری ئەو داواکارییە ڕەوایە بێت کە خۆی و هێزەکانی تری وەک نەوەی نوێ، یان هێزە نیشتمانییەکانی تر خوازیاری کەمکردنەوەی گەندەڵی و شەفافییەتن.
ئەگەر پرۆسەی سیاسی لە کوردستان بەردەوام بێت لەسەر مۆدێلی باڵادەستیی یەک لایەنە، ئەوا متمانەی خەڵک بە سندوقەکانی دەنگدان کەمتر دەبێتەوە. دۆخی نادادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی خراپتر دەبێت، بەڵام یەکێتی ناتوانێت تا کۆتایی دانیشێت بە دیار ئەم داڕزانە سیاسییەوە، چونکە قوربانی گەورەی داوە بۆ ئەم ئەزموونە، ئەم عینادییە سیاسییە دەبێت لە شوێنێکدا بووەستێت و بەرژەوەندیی کوردستان و خەڵکەکەی بنەمای سیاسەتکردن بێت.
یەکێتی تەنیا شەڕی بەشداریی خۆی ناکات، بەڵکو تێدەکۆشێت کە سوود لە ئەزموونی هەموو هێزە نیشتیمانیەکانی تر وەربگرێت بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لەم چەقبەستووییە ھاوشێوەی پێكھێنانی حكومەتی عێراق. بە هاوبەشیپێکردن بێت یان ڕێککەوتنی سیاسی، یانیش بە ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆبێت لەگەڵیاندا.
یەکێتی نایەوێ ڕۆژێک لەگەڵ بەغداد دۆست و دوو ڕۆژیش دوژمن بێت، نایەوێ لە ژێرەوە تەبایی سیاسی هەبێت و لەسەرەوە ناکۆکی قەومی و نەتەوەیی دروست بکرێت. کورد لە بەغدا شەریکی پرۆسەی سیاسییە، ئەم دوفاقییە زیان لە قوڵایی ستراتیژی کوردی دەدات کە بەغدایە.
ئێمە لە بەغداد میوان نین، بەڵکو خاوەن ماڵین. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتی لە بەغداش دەیەوێ دیدگا هاوبەشەکانی لەدەور کۆکاتەوە. هاوکێشەی سیاسەت لە بەغدا ئاڵۆزترە، عینادیی سیاسی خەساری گەورە لە پێگەی کورد دەدات، دواجار قوتی خەڵک و مووچەی هاوڵاتیان دەکەوێتە نێوان بەرداشی هاتن و نەهاتنەوە.
دەرەنجام:
ئەم نزیکبوونەوەیە نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسەتی یەکێتییە. ئێمە فێری ئەوە بووین کە خەبات بۆ دادپەروەری تەنیا لە ڕێگەی هێزی تاکڕەوانەوە ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی کۆدەنگیی نیشتمانی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانەی دڵسۆزن بۆ کوردستان دێتە دی.
یەکێتیی نوێ، بەم ئاراستەیە دەبێتە ئەو هێزەی کە کوردستان لە قۆناغی قۆرخکاری دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی شەریکایەتیی ڕاستەقینە. ئەمە دەستپێکی خەباتێکی نوێیە کە تێیدا خەڵک هەست بەوە دەکات دەسەڵات لە خزمەتی ئەواندایە، نەک بە پێچەوانەوە.




