سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەگەری زۆر هەیە ئیسرائیل هێرشێک بکاتە سەر ئێران، بەڵام ئەمە بەم نزیکانە رونادات.

ترەمپ لە وتارێکدا لە رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزەیران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت و دەبێت سازش بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە دەیەوێت لە ململانێ لەگەڵ ئێران دوور بکەوێتەوە و باسی لە پێکهێنانی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران کرد.

“دەمەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم، بە دڵنیاییەوە لەو رێککەوتنەش نزیکین، من هەمیشە ڕێگەی دۆستانەم پێ باشترە لە بژاردەی سەربازی”، ترەمپ ڕایگەیاند.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا ئامانجی خۆی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەربڕی و وتی: “دەمانەوێت پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ ئێراندا هەبێت و هاوکاریان بکەین.”

لەبارەی دۆخی گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ترەمپ وتی، کە ئەگەری روودانی ململانێیەکی گەورە هەیە و رەنگە بەم نزیکانە شتێک روبدات، هەرچەندە هیوادارە نەبێتە ڕاستی.

ترەمپ هیوادارە کە ئیسرائیل هەنگاوێک نەنێت کە ببێتە هۆی تێکدانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.