سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی بە کۆمپانیای ئەپڵ داوە کە ئەگەر بەرهەمەکانی لە ئەمەریکا دروست نەکات، باجی گومرگی بەڕێژەی 25% بەسەریدا دەسەپێنێت.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی کە پێشتر تیم کوک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئایفۆنانەی لە ئەمەریکا فرۆشراون دەبێت لە ئەمەریکا دروست بکرێن، نەک لە هیندستان و وڵاتانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە کە یەکێتیی ئەوروپا نایەوێت رێککەوتنی بازرگانی بکات و سوود بێبەرانبەر لە ئەمەریکا وەردەگرێت.

ترەمپ لە هەمان پۆستدا نووسیویەتی: "گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتنی بازرگانی هیچ ئەنجامێکی نابێت، بۆیە پێشنیازم کردووە لە یەکی حوزەیرانی 2025 بەڕێژەی 50% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هاوردەکانی ئەوروپا بسەپێنرێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەربەستە بازرگانییەکان و باجە زیادەکانی ئەوروپا بوەتە هۆی کورتهێنانی بازرگانی بەڕێژەی 250 ملیار دۆلار لەگەڵ ئەمەریکا.

ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ لە دووی نیسانی ئەمساڵ باجی گومرگی بەسەر بەرهەمی هاوردەی 57 وڵات سەپاندووە بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بگەڕێنەوە وڵاتەکە.

هەروەها لە سێی نیسانیش بڕیاری سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر 180 وڵاتی ئیمزاکردووە و بەڕێژەی 20% باجی گومرگی بەسەر ئەوروپا سەپاندووە.