لێپرسراوێکی باڵای ئێران بۆ رۆیتەرز: ئەمریکا و ئێران دوورن لە گەیشتن بە رێککەوتن
محەمەد رزگار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لێپرسراوێکی باڵای ئێران بۆ رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، تاران و واشنتۆن دوورن لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی جەختیشی کردەوە وڵاتەکەی چۆک بۆ داواکارییە زیادەڕۆییەکانی ئەمریکا دانادات.
لێپرسراوێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تاران و واشنتۆن هێشتا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان، بەڵام لە تێگەیشتن و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە دوور دەبینرێن.
ئەو لێپرسراوە جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ جۆرێک بۆ داواکارییە زیادەڕۆییەکانی ئەمریکا چۆک دانادات، لە هەمان کاتدا نێوەندگیرەکان بە چڕی کار دەکەن بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان و کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ رۆیتەرز، ئەو بەرپرسە هەڕەشەی راستەوخۆی ئاڕاستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئێران لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوەیەکی زۆر توند و بێبەزەییانە بەرانبەر هەر هێرشێک یان لێدانێکی سەربازیی ئەمریکا، چ لە ناوچەکەدا بێت یان لە دەرەوەی سنورەکانی ناوچەکە.



