ترەمپ: توانامان هەیە بنکەی ئەتۆمی کێوی کوڵنگ لە ئێران بە ئامانج بگرین
محەمەد رزگار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران تا ئێستاش خاوەنی هەندێک موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لەلایەن تارانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان سنوردار بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەنالی فۆکس نیوز رایگەیاند، وڵاتەکەی توانا و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە هەر کاتێکدا بیەوێت هێرشبکاتەسەر بنکەی ئەتۆمی کێوی کوڵنگ لە ئێران.
جەختیشیکردەوە، رەنگە واشنتۆن ناچار بێت ئەو شوێنە ئامانج بگرێت، و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکەش دەکرێت نزیکەی یەک سەعات بخایەنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئێران لە پێگەیەکی باشی گفتوگۆکردندا نییە و ئابورییەکەی رووبەڕووی داڕمانی گەورە بووەتەوە، بەپێویستیشی زانی تاران بەپەرۆشەوە هەوڵی بەدەستهێنانی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بدات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لەپێناو رێگریکردن لە کەوتنی قوربانیی زیاتر و رزگارکردنی گیانی زۆرێک لە مرۆڤەکان، رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە باشتر دەزانێت، ئەگەر دەرفەتی بەدیهێنانی هەبێت.
لە کۆتاییدا ئاشکراشیکرد، وڵاتەکەی لە پێگەی هێزی رەهاوە دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات، و ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە لە هەر کاتێکدا بە گونجاوی بزانێت کۆتایی بەم رووبەڕووبوونەوەیە بهێنێت.



