وەزارەتی ئەوقافی هەرێم: حاجیانی کوردستان بە فڕۆکە گەشتی سعودیە دەکەن
بڵند
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦
ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، بە مەبەستی خزمەتکردنی حاجیانی هەرێم، توانیویانە بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراقدا گەشتی ئاسمانی بۆ حاجیان دابین بکەن
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ دوای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ زیاتر خزمەتکردنی حاجیان، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، بەهەماهەنگی حەج و عومرەی عیراق، بڕیاردار بە دابینکردنی فڕۆکە و لە سێ رۆژدا تەواوی حاجیان گەشتدەکەن بۆ سعودییە.
وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەکردوە، حاجیانی کوردستان تا سنوری عەرعەر بەپاس دەچن و لەوێشەوە بۆ فرۆکەخانەی جەدە لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بە فڕۆکە گەشت دەکەن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم بڕیارە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری حاجیانی کوردستان و گەیاندنیانە بەسەلامەتترین رێگا بۆ مەککەی پیرۆز.
ئەوقافی هەرێم دەشڵێت؛ لە کوردستانەوە حاجیان جانتاکانیان بەڕێگەی بارهەڵگر دەبرێتە شاری مەککەی پیرۆز و رەنگە پێش گەیشتنی خۆشیان جانتاکانیان بگات بە هۆتێل، ئەمەش بۆئەوەیە حاجیان بەوپەڕی ئاسوودەیی گەشتەکەیان ئەنجام بدەن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بڕیارە رۆژی 12ی ئایار یەکەم گەشت بەفرۆکە دەستپێبکات، بەپێی خشتەیەکی رۆژانە لەماوەی سێ رۆژ تەواوی حاجیان گەشت دەکەن بۆ وڵاتی سعودیە.



