دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند کە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران حەتمییە و بە شێوەیەکی "دۆستانە یان سەخت" ئەنجام دەدرێت.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەی بی سی نیوز ئاماژەی بەوە کرد: ئێران پێشێلکارییەکی مەترسیداری بۆ رێککەوتنی ئاگربەست ئەنجام داوە، بەڵام ئێمە هێشتا بڕوامان وایە کە دەتوانین بگەیەنە رێککەوتن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر پێویستیی یەکلاییکردنەوەی پرسەکە کردەوە و وتی: رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر روو دەدات، جا بە رێگەی دۆستانە بێت یان بە رێگەیەکی سەخت.

هاوکات لەگەڵ لێدوانە توندەکانی بەرامبەر تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بڕیارە نوێنەرانی وڵاتەکەی ئێوارەی سبەی بگەنە "ئیسلام ئاباد"ی پایتەختی پاکستان بە مەبەستی ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانەکان.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر چەندین دۆسیەی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار.