وەزارەتی پەروەردە: تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی پۆلی 12 لە 14ی حوزەیران دەستپێدەكات
محەمەد رزگار
١٣ی نیسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی هەمواركراوی خوێندن و تاقیكردنەوەكانی بۆ پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی و پەیمانگەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەو خوێندنگەیانەی تاقیكردنەوەی نیوەی وەرزیان تەواونەكردووە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام تاقیكردنەوە دەستپێبكەنەوە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو خوێندنگەیانەی تاقیكردنەوەی نیوەی وەرزیان تەواونەكردووە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام تاقیكردنەوە دەستپێبكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، كارگێڕی خوێندنگەكان سەرپشكن بۆ دیاریكردنی رۆژانی تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلی 9 و 12.
وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی 9 لە رۆژی 14ی ئایار تا 25ی ئایار ئەنجام دەدرێت، هاوکات تاقیكردنەوەكانی نیشتمانی پۆلی 9 خولی دووەم لە 15ی 6 تا 30ی 6 ئەنجامدەدرێن.
راشیگەیاند، تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی پۆلی 12 لە 14ی 6 تا 8ی 7 ئەنجامدەدرێن و تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی پۆلی 12 لە 11ی 8 تا 27ی 8 دەبێت.
سەبارەت بە تاقیکردنەوەی پەیمانگەکان وەزارەتەکە دەڵێت؛ تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەمی پەیمانگەكان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی پەیمانگەكان دەستپێبكەن و دەبێت كۆتا رۆژی تاقیكردنەوەی پەیمانگەكان لە 30ی 4 تێپەڕنەكات.
" تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی پەیمانگەكان وەك خۆی دەبێت لە 9ی 5 تا 20ی 5 ئەنجامدەدرێن" وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.


