قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای ئیمارات بە سەرۆکایەتیی سەعید الهاجری، نێردەی تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ئابوری و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەردوولا و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات و  خوازیارە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیماراتی بەشدارییەکی گەورەیان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان.

وەفدە ئیماراتییەکە کە بە مەبەستی دۆزینەوە و هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان سەردانی کوردستانیان کردوە، رایانگەیاند ئامانجیانە پڕۆژەی گەورە و درێژخایەنی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم روونی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وزەی نوێبووەوەدا دەرفەتی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و ئاماژەی بەوەشکرد، کوردستان دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی هەموو عیراق و تەنانەت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوەش بکات.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد وەفدەکە هانی وەبەرهێنەرەکانی وڵاتەکەیان بدەن لەم بوارانەدا وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکەن، چونکە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم هەموو جۆرە کارئاسانییەکیان بۆ دەکات، هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی کاری شارەزاشە لەم بوارانەدا.