زانکۆی سلێمانی دەستپێشخەرییەک بۆ بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆی تانجەرۆ پێشکەش دەکات، کە ئامانج لێی چارەسەری ئاوەڕۆی تانجەرۆیە.

زانکۆی سلێمانی رایگەیاندووە، رۆژی 23ی ئەم مانگە سەردانی تانجەرۆیان کردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتێك بۆ دروستكردنی زۆنگاوی دەستكرد لە ناوچەكەدا، هاوشێوەی پڕۆژەی زۆنگاوی دەستكردی ناو زانكۆی سلێمانی.

بەپێی ماڵپەڕی رەسمیی زانکۆی سلێمانی، تیمی زانکۆ دەیانەوێت هاوشێوەی پڕۆژەی زۆنگاوی دەستكردی ناو زانكۆی سلێمانی، لە ناوچەی تانجەرۆش هەمان پڕۆژە دووبارە بکەنەوە، كە بریتییە لە چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆ و دووبارە بەكارهێنانەوەی.

گرفتی ئاوی تانجەرۆ لە سلێمانی ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاودا دەگەڕێن بۆی کە لەگەڵ سروشت و جوگرافیای ناوچەکەدا بگونجێت. بەهۆی ئەوەی کە ئاوی بەشێکی ئاوەڕۆکانی سلێمانی دەچنەوە ئەوێ و ئەوەش زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی.