دۆناڵد ترەمپ: لە گفتوگۆکانی ئەمجارەدا لەگەڵ کەسی گونجاوی ئێران مامەڵە دەکەین
بڵند
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمرۆ وەفدی دانوستانکاریان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران دەگەنە ئیسلام ئاباد و جەختیکردەوە دەبێت ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت.
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی راگەیاندوە، جەی دی ڤانسی جێگری و تیمی دانوستانکاریان لە رێگادان و لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتودا دەگەنە ئیسلام ئاباد.
ناوبراو، جەختیکردەوە گرنگترین خاڵ دەبێت ئێران قبوڵی بکات ئەوەیە نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامادەن لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران کۆببنەوە ئەگەر پێشکەوتنێک بەدەست بهێنرێت و ئەو پێی وایە مامەڵە لەگەڵ کەسانی گونجاودا دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ ئەوەشیخستوەتەڕوو لە گفتوگۆی ئەمجارەیان لەگەڵ ئێران بڕوای وایە وەفدی ئێران جدین لەم قۆناغەدا و هاوشێوەی رابردوو هەمووان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کۆدەبنەوە و نەک بۆ کات کوشتن.
ئەمە لە کاتیكدایە بڕیارە سبەینێ سێشەممە و رۆژێک پێش وادەی تەواو بونی ئاگربەستەکە، گەڕێکی تری دانوستانەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامبدرێت لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.


