بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق بە هاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخان، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە بەتۆمەتی رفاندنی هاووڵاتییەک و بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادان داواکراو بوون.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە،  تۆمەتبارەکان  لە دایکبووی ساڵانی 2002 و 2004ـن، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەیان لە قەزای دەربەندیخان بەرەو سەیدسادق هەڵاتون و لەوێ خۆیان حەشارداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، دوای بەدواداچونی هێزەکانیان و  لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا دەستگیرکران.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت؛ لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێل و دوو مۆبایلدا گیراوە، کە بە تۆمەتباران بووە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.