شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هێرشە درۆنییەکان پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانن
٧ی نیسانی ٢٠٢٦
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پرسە و سەرخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی موسا ئەنوەر رەسوڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن دەکات و دەڵێت: ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و هەرگیز پاساویان بۆ ناهێنرێتەوە.
دەقی پرسەنامەیەکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق..
هاوبەشی ئەو خەمە گەورەیەم بۆ شەهیدبوونی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ) و (مژدە ئەسعەد حەسەن)، کە لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر گوندی زەرگەزەوی نزیک هەولێر شەهیدبوون.
هاوسۆزیی قوڵم بۆ بنەماڵەکەیان، بەتایبەت کچەکانیان کە ئێستا تووشی زیانێکی قەرەبوونەکراوە بوون دەردەبڕم. هیچ منداڵێک نابێت بەرگەی ئازارێکی وا بگرێت و هیچ خێزانێک نابێت بەم شێوەیە تێکبچێت.
هاوکات سەرەخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەهۆی توندوتیژییە بەردەوامەکانی سەرتاسەری عیراقەوە زیانیان بەرکەوتووە.
تەنیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 هێرشی درۆنی و موشەکی تۆمارکراون. ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و هەرگیز پاساویان بۆ ناهێنرێتەوە.


