واشنتۆن هەوڵەکانی بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی تاران چڕکردووەتەوە و ترەمپیش دەڵێت؛ لە کۆتایی هەفتەدا پێشهاتی نوێ رودەدات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن و ئەگەری زۆرە لە کۆتایی هەفتەدا پێشهاتی نوێ روبدات.

ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ئەمریکا نزیکە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران، کە تێیدا ئێران پابەند دەبێت بەوەی هیچ جۆرە چەکێکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو رێککەوتنە هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی پێشتر نییە کە ئۆباما ئیمزای کردبوو.

سەبارەت بە رەوشی سەربازی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان، بەڵام پێیان باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانیان بەدیبهێنن نەک بەردەوامی بە جەنگ بدەن.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، تاران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنی "تۆزە ئەتۆمییەکە" و لە ئەنجامی گرژییەکاندا بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانیان لەناوبراون.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە رەوشی لوبنان کرد و رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا ئەنجام دەدەن و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر راگرتنی هێرشەکانیان بەرانبەر ئیسرائیل، بەو مەرجەی وەستانی شەڕ لەو ناوچەیە جیاواز بێت لە شوێنەکانی تری جیهان.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە ئەگەری ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەدا، گەروی هورمز بە خێرایی بەڕووی هاتووچۆدا دەکرێتەوە و ئەوەش وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ناوچەکە دەبینرێت.