دۆناڵد ترەمپ رزگاركردنی فرۆكەوانە ونبووەكەی ئەمریكای لە ئێران راگەیاند
کەژان
٥ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆكی ئەمریكا رزگاركردنی فڕۆكەوانە ونوبووەكەی لەناو خاكی ئێران ڕاگەیاند، دەشڵێت سەربازێكیان برینداربووە.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێكدا سەركەوتنی ئۆپراسیۆنێكی تایبەتی بۆ ڕزگاركردنی دووەم فڕۆكەوانی ئەمریكی لە باشووری رۆژئاوای ئێران ڕاگەیاند.
ترەمپ دەڵێت، فڕۆكەوانەكە ماوەی سێ ڕۆژ بوو دوای تێكشكان و كەوتنی فڕۆكەكەی بێسەروشوێن ببوو، دوای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی گەڕان و پشكنینی ورد و چڕ و پڕ، هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا توانیویانە فڕۆكەوانەكە لەو ناوچەیە دەربهێنن و ڕزگاری بكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئۆپراسیۆنەكە لە درەنگانی شەوی ڕابردوو ئەنجامدراوە، بەڵام لەبەر پاراستنی سەلامەتی فڕۆكەوانەكە، ناسنامەكەی و وردەكاریی زیاتریان ئاشكرا نەكردووە.
باسی لەوەش كرد، لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكەدا، سەربازێكی ئەمریكی بریندار بووە.
سەرۆكی ئەمریكا ئەم كارەی بە ئۆپراسیۆنێكی بێ وێنە وەسف كرد و جەختی لەوە كردەوە، ئۆپراسیۆنەكە دەیسەلمێنێت كە ئەمریكا كۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێرانی كردووەو ئەمریكا هەرگیز جەنگاوەرەكانی لە دوای خۆی بەجێناهێڵێت.



