وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە ئێستادا هیچ جۆرە دانوستانێكیان لەگەڵ ئەمریكا نییە و جەختیشی كردەوە كە رێككەوتن تەنها لەگەڵ عومان بەس نییە بۆ كردنەوەی گەروی هورمز.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عومان لە سەر ئاسایشی كەشتیوانی لە گەروی هورمز بەردەوامن، بەڵام هیچ جۆرە گفتوگۆیەك لە نێوان تاران و واشنتۆندا لە ئارادا نییە.

وتیشی، هیچ گۆڕانكارییەك لە رەوشی گەروی هورمزدا رونادات هەتا ئەو كاتەی ئەمریكا كۆتایی بە دەستدرێژی و گەمارۆ دەریاییەكانی دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەموو ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری ئێران لە ناوخۆی وڵاتدان و تاران لە ئێستادا هیچ نیازێكی نییە بۆ میوانداریكردنی هیچ وەفدێكی بیانی یان سەردانیكردنی هیچ وڵاتێك بە مەبەستی دانوستان، هیچ نێوەندگیرییەكی نوێش لە نێوان واشنتۆن و تاراندا نییە و ئێران تەنها لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی خۆی بڕیار لە سەر هەنگاوەكانی داهاتوو دەدات.