ترەمپ بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێرانی هەڵپەسارد
ساکۆ سمکۆ
٢ی ئابی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری هێرشە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و هۆکاری ئەم بڕیارەشی بۆ هەبوونی پێشکەوتنی بەرچاو لە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەڕاندووەتەوە.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: لەپێناو بەرژەوەندییەکانی جیهان و بۆ هێشتنەوەی ئێران وەک وڵاتێکی ئاوەدان، قایلبووم بە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکان، بەو مەرجەی بە خێرایی بگەینە رێککەوتنی کۆتایی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێکردووە هێرشەکە رابگرێت، چونکە هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکە دیاری کراون. بە وتەی ترەمپ، مەرجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە: "کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتیی گەرووی هورمز و کۆتایهێنان بە هەڕەشە ناوکییەکانی ئێران."
ئەکسیۆس ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە دێت، کە تێیدا نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان دەربڕیبوو.
هاوکات وڵاتانی قەتەر، ئیمارات، تورکیا و پاکستان فشارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان.
لە بەرانبەریشدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران، یان هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە لە هێرشێکی لەو شێوەیەدا، بە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە.



