گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەگاتە لوتکە و راپۆرتێکی نێودەوڵەتیش ئاشکرایدەکات، هەردوو وڵات لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدان، یان دەبێت مێزی دانوستان هەڵبژێرن یان ناوچەکە بەرەو جەنگێکی بەرفراوانی لەدەستدەرچوو هەنگاو دەنێت.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، واشنتۆن و تاران لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و "ساتەوەختی بەئاگاهاتنەوە"دان، بەهۆی ئەوەی گرژییەکانی نێوانیان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەگەری لەدەستدەرچوونی هەیە، ئەمەش وایکردووە گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان ببێتە بەپەلەترین بژاردە بۆ رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوچەیی بەرفراوان.

بەپێی راپۆرتەکە، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە ئاستی مەترسییەکانی بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو بەرزکردووەتەوە، بەتایبەت دوای بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیارەکان و پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز، لەگەڵ زیادبوونی ترسی تەشەنەسەندنی ململانێکان بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە.

شیکەرەوانی سیاسی هۆشداری دەدەن لەوەی، کە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە قۆناغێک نزیک دەبێتەوە کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت، بەهۆی ئاڵوگۆڕی هێرشەکان و فراوانبوونی بازنەی ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان، جەختیش دەکەنەوە کە تەنها گەڕانەوەی خێرا بۆ دانوستان دەتوانێت ناوچەکە لە کارەسات بپارێزێت.

زەنگی ئاگادارکردنەوە....

ئێلی جێرانمایە، شارەزای کاروباری ئێران لە ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، رایگەیاندووە: "ئەم قۆناغە نوێیە زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەردوولا"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە ئێستا رێگەچەرەی دیپلۆماسی بقۆزنەوە، چونکە بەپێچەوانەوە جەنگەکە بەرەو ئاراستەیەک دەچێت کە لە توانای کۆنترۆڵکردنی ئەواندا نامێنێت، بەتایبەت کە تاران پێشتر هەڕەشەی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی کەنداوی کردبوو ئەگەر هێرشی توندی بکرێتە سەر، ئەمەش رەنگە کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە.

پێشبڕکێی لەگەڵ کاتدا...

حەمید رەزا عەزیزی، توێژەری کاروباری ئەمنیی لە پەیمانگای ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئەمنی، پێیوایە ململانێکان گۆڕاون بۆ "پێشبڕکێی لەگەڵ کاتدا و جەنگی تاقەتپڕوکێن"، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا داڕمانی ئابوری و ژێرخانی ئێران پێش بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەکەوێت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەروی هورمزەوە، یان پێچەوانەکەی رودەدات.

هاوکات، ئومێد میماریان، توێژەری کاروباری ئێران لە پەیمانگای "داون" لە واشنتۆن، ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی ئێران لەمەودوا ناتوانێت بە ئاسانی هاوڵاتییانی قایل بکات بە بەردەوامبوون لە جەنگێکدا کە لەسەر حیسابی وێرانبوونی وڵاتەکەیان بێت، جەختیشیکردەوە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتی و هێزەکانی ئەمریکا بە ئامانجی فراوانکردنی جەنگ نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیەتی لە دانوستانە ئەگەرەییەکاندا، بەڵام هۆشداریش دەدات کە کوژرانی سەربازانی ئەمریکی لە ئوردن، رەنگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەژێر گوشاری رای گشتیدا پاڵ پێوە بنێت بەرەو وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی گەورەتر، کە ئەمەش مەترسیی هەڵەی لێکدانەوە و فرەوانبوونی زیاتری جەنگەکەی لێدەکەوێتەوە.

کارتەکانی فشار.....

فرزان سابت، توێژەر لە پەیمانگای باڵای ژنێف، پێیوایە ئێران پەلەی کردووە لە بەکارهێنانی کارتەکانی فشار پێش ئەوەی توانای کاریگەریی لەسەر گەروی هورمز لەدەستبدات، ئەوەشیخستەڕوو، ئەمریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا هەوڵی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران دەدات، بەڵام بەدووری دەزانێت هێرشی سنوردار ئەزمونی تاران بگۆڕێت، چونکە گۆڕینی هاوکێشەکە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی وەک دابەزینی هێزی وشکانی هەیە بۆ سەر دوورگەکانی نزیک گەروی هورمز، کە ئەوەش سەرکێشییەکی گەورەیە و زیانی گیانی زۆری لێدەکەوێتەوە.

هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان.....

سەرەڕای بەردەوامیی هێرشە بەرانبەرەکان، تاران و واشنتۆن ئاماژەیان بە ئامادەیی خۆیان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان.

سەرچاوەیەکی باڵا بۆ کەناڵەکانی 'عەرەبییە و حەدەس' ئاشکرای کردووە، کە پێشنیازێک لە ئارادایە بۆ راگرتنی هێرشەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران و کردنەوەی گەروی هورمز بۆ ماوەی 10 رۆژ تا دوو هەفتە.

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری لێپرسراوێکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازی ئاگربەستی 10 رۆژەیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی زیندووکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی پاکستان رایگەیاندووە، وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانی ئیسلام ئابادی کردووە کە رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان واشنتۆن و تاراندا دەگێڕێت، بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە.