جەی دی ڤانس: ماوەی 60 رۆژی دانوستان لەگەڵ ئێران بە رەسمی دەستیپێکرد
محەمەد رزگار
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی وادەی کۆبوونەوە و دانوستانە چڕەکانی لەگەڵ تاران بۆ ماوەی 60 ڕۆژ راگەیاند و هۆشداریش دەداتە لێپرسراوانی ئێران کە ئەگەر رەفتارەکانیان نەگۆڕن، واشنتۆن پەنا بۆ بژاردەی تر دەبات.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکیڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، قۆناغی دانوستانەکان کە 60 رۆژ دەخایەنێت بە رەسمی دەستیپێکردووە.
رونیشیکردەوە، شێوازی مامەڵەکردنی ئیدارەکەی ترەمپ لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا، بە تەواوی جیاوازە لەو رێککەوتنەی کە لە سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا ئیمزا کرابوو.
ڤانس جەختی لەوە کردەوە، لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی کۆتاییدا، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئێران ببێتە خاوەنی موشەک، هاوکات داوای لە تاران کرد کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ لەناوبردن و رزگاربوون لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، وەرگێڕانی فارسی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە تەواوی لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکەیدا یەکدەگرێتەوە، دەشڵێت؛ گەشتەکەی بۆ سویسرا بەستراوەتەوە بە کاتی گەیشتنی وەفدی ئێرانی، و پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بێت.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تاران کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران رەفتار و سیاسەتەکانی خۆی نەگۆڕێت، ئەوا ئەمریکا پەنا بۆ رێگەی تر دەبات،" دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، لەم کێشمەکێشەدا سەرکەوتوو دەبێت.



