وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لەدوای هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت رایگەیاند، هێرشکردنەسەر سەروەریی وڵاتەکەمان هێڵی سورە و کاردانەوەمان دەبێت. 

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئارامگرتنی وڵاتەکەیان سنوردارە و هێرشەکانی ئێرانیش دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆسەر سەرەوەریی وڵاتەکەیان و تاران سەرپشکە لەوەی دەیەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت یان گەمارۆکانی سەری بەردەوام بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، چوار کەشتیی نەوتهەڵگر بەبێ رەزامەندیی ئەوان ویستوویانە بە گەروی هورمزدا تێپەڕبن، لەبەرئەوە هێرشیانکردووەتەسەر یەکێک لە کەشتییەکان و سیانەکەی دیکەش گەڕاونەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، لە بەرانبەر هێرشکەی سوپای پاسداران بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵهرەکان، سوپای ئەمریکا هەندێک راداری پاسدارانیان بەئامانجگرتووە و لە وەڵامیشدا، ئێران هێرشیکردووەتە سەر هەندێک بنکەی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت.