سوپای پاسداران بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمەریکای کردە ئامانج
محەمەد رزگار
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس لە باشوری ئێران، بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەنراوێکی سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئەمەریکی خاڵێکیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس کردووەتە ئامانج، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئێران وەڵامیان داوەتەوە و ئەو بنکە ئاسمانییەیان کردووەتە ئامانج کە فڕۆکەکان لێوەی ئاڕاستەکراون.
لە کاتێکدا سوپای پاسداران وردەکاری زیاتری لەبارەی شوێنی بنکە ئاسمانییەکە و قەبارەی زیانەکان ئاشکرا نەکردووە، راپۆرتە میدیاییەکان باس لە بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت، رووبەڕووی هێرشێکی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە پەرەسەندنی بەردەوامدان و هەردوولا بەردەوام یەکتر بە ئەنجامدانی هێرش و جووڵەی ئەمنی لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکەن.



