بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، سوپای ئیسرائیل لە ئاستی ئامادەباشیی تەواودایە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران.

ئەم ئامادەباشییە لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی ئێران بدات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی چڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل پێی وایە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران ناگاتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی و ئامادەکارییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هێرشەکە "رەنگە لە ماوەی چەند رۆژێکدا روبدات".

ئەم ئامادەکارییانە لەژێر رۆشنایی ئەو وادە کورتەدا دێت کە ترەمپ دیاری کردووە، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، لە لێواری ئەنجامدانی هێرشێکدا بووە، بەڵام بڕیاریداوە چەند رۆژێکی تر بدات بە هەوڵەکانی نێوەندگیری کە لەلایەن پاکستان و قەتەرەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە کەناڵی 12ـی راگەیاندووە، ترەمپ هەست بە "نیگەرانی و بێزارییەکی زۆر دەکات" بەرانبەر بە ئاڕاستەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران.

لە لایەکی ترەوە، رۆژی هەینی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەشتەکەی بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە واشنتۆن دەمێنێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ "پەرەسەندنە نوێیەکان" گەڕاندەوە.