تاران ئاستی هەڕەشەكانی بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرزكردەوە.

محەمەد ئەكرەم نیا، وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، لەمەودوا ئەو وڵاتانەی پابەندی سزاكانی ئەمریكان، بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

لە ئێستاشدا پەرلەمانی ئێران خەریكی داڕشتنی یاسایەكە بۆ قەدەغەكردنی تێپەڕبوونی كەشتیی وڵاتە دوژمنەكان.

لەلایەكی دیكەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری دا كە هەر هێرشێك بۆ سەر كەشتییەكانیان، بە وەڵامێكی توند بۆ سەر بنكە و كەشتییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە كۆتایی دێت.

سەید مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران جەختی كردەوە كە موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و ئامانجە ئەمریكییەكانیان نیشانە گرتووە، تەنها چاوەڕێی فەرمانی تەقەكردن دەكەن بۆ تێكشكاندنی دوژمن.